مەسرور بارزانی: هاوڵاتیان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌یاسای‌ چاكسازییدا کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت
  2020-01-16       574       
مەسرور بارزانی

مەسرور بارزانی ده‌ستخۆشی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای‌ "چاكسازیی"داو هاوڵاتیان دڵنیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌یاساكه‌دا کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

ئاوێنه‌: دوای‌ ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان یاسای‌ "چاكسازیی" په‌سه‌ندكرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌په‌یامێكدا ده‌ڵێت، "دەستخۆشی لەپەرلەمانی کوردستان دەکەم بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازیی. ئەمە هەنگاوێکی مێژوییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر."

راشیگه‌یاندووه‌، "ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست‌و داوای هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی. ئامانجیش رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان‌و هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران‌و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان."

له‌په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌، "هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە دەقی کۆتایی یاساکە دڵنیایی گرنگی تێدایە سەبارەت بەموچەو ئیمتیازاتەکانی فەرمانبەرو موچەخۆران بەجۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت."


ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم بۆ پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای چاکسازیی . ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر. ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست وداوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. ئامانجیش رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان .

دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمووزی ساڵی رابردو ، ئێمە دەستبەجێ لیژنەیەکی باڵامان لە حکومەت پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە و بەهێزکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی. 

هاوولاتییان دڵنیادەکەینەوە کە دەقی کۆتایی یاساکە دڵنیایی گرنگی تێدایە سەبارەت بە مووچە وئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران بە جۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت .

چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. ئەم یاسایەش بەڵگەیەکی روونی دیکەیە لە سەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردانان بۆ گەندەڵی و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی . هەروەها هەنگاوێکی گرنگیشە بەرەو حکومەتێکی مۆدێرن و شەفاف و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی کە ئامانجی سەرەکی ئەم حکومەتەیە. 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×