تەرمی پێشمەرگەكەی یەكێتی گەڕێندرایەوە زێدی خۆی و بەخاك سپێردرا
  2020-01-17       3492       

تەرمی ئەو پێشمەرگەیەی لە زیندان لەهەولێر لەروداوێكی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی لە پزیشكی دادوەری لەسلێمانی توێكاری بۆ كرا، له‌ شاری سلێمانییه‌وه‌ گەڕێندرایەوە زێدی خۆی و بە خاك سپێردرا.
ئاوێنە: شه‌وی رابردو تەرمی مەجید ئیبراهیم، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی سه‌ربه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كە ئاسایشی پارتی رایگەیاندبوو لە زینداندا كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، بۆ خستنەڕووی هۆكاری گیان لە دەستدانی، گەیەندرایە پزیشكی دادوەری سلێمانی.
هێنانی ته‌رمی پێشمه‌رگه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ سلێمانی ئەمەش دوای ئەوە هات كە هه‌م یەكێتی و هه‌م كەسوكارەكەشی گومانیان هەبو لە شێوازی لە دەستدانی ئەو پێشمەرگەیە.

تا ئێستا ئەنجامی توێكارییەكەی پزیشكی دادوەری سلێمانی ئاشكرانەكراوە.

دوای ئه‌نجامدانی توێكاری،ئه‌مڕۆ هه‌ینی 17ی كانونی دوه‌می 2020، تەرمی مەجید ئیبراهیم له‌ شاری سلێمانییه‌وه‌ گەڕێندرایەوە گوندی سیساوه‌ی سه‌ربه‌ سەقڵاوە له‌ شاری هه‌ولێر و بەخاك سپێردرا.
دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی مەجید برایم راگه‌یه‌ندرا كە پێشمەرگەیه‌كی تەمەن 38 ساڵی یەكێتی بو له‌ لیوای 3ی تایبه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌، وه‌ك ده‌وترێت پێشتر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ لەگوندی سیساوە لەلایەن دژە تیرۆری پارتییەوە رفێندراوه‌ و دوێنێش ھەواڵی مردنی بەخانەوادەكەی راگەیەندرا.
له‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ ئاسایشی هەولێر لەزیندان ڕاگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی یه‌كێتی په‌یوه‌ندیی به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌.
دوای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر، حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم پزیشكی دادوەری ھەولێر بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، گومانمان لەروداوەكە ھەیە كە ئەو پێشمەرگەیە لەزیندانی ئاسایشی ھەولێر خۆی خۆی خنكاندبێت ئەو راپۆرتە پزیشكیەمان رەتكردۆتەوە و سكاڵای یاسایش تۆمار دەكەین.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×