عەبدولكەریم خەڵەف: بڕیاری چونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە
  2020-01-17       813       
لیوای روكن عەبدولكەریم خەڵەف

وته‌بێژی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بڕیاری چونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، بڕیارێكی سیادییەو هەمو ناوچەكانی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە دەگرێتەوە.

ئاوێنه‌: لیوای روكن عەبدولكەریم خەڵەف، وته‌بێژی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عێراق له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا كه‌ میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكردۆته‌وه‌، باسی‌ له‌پرسی‌ كشانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا كردووه‌ له‌عێراق‌و ڕایگه‌یاندووه‌، بڕیاری چونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، بڕیارێكی سیادییەو هەمو ناوچەكانی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە دەگرێتەوە، چونكه‌ هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌عێراق.

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ بڕیاری چونە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لەعێراق، سه‌رجه‌م ئەو هێزانە دەگرێتەوە كە ئێستا لەسەر خاكی عێراقدان نەك تەنها هێزەكانی ئەمریكا.

لیوای روكن عەبدولكەریم خەڵەف ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌ڕێی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌وی‌ داوای‌ له‌ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ بۆ كۆتاییهێنان بەرێككەوتنی ئەمنیی تایبەت بەكاركردن لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان.

وته‌بێژی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عێراق راشیگه‌یاندووه‌، له‌به‌رامبه‌ر چونە دەرەوەی هێزه‌ بیانییه‌كاندا، حكومەتی عێراق هیچ پابەندبونێكی سیاسیی‌و دارایی لەئەستۆ ناگرێت.

به‌وته‌ی‌ لیوای روكن عەبدولكەریم خەڵەف، حكومه‌تی‌ عێراق هاوبه‌ش‌و هه‌ماهه‌نگ كاری‌ هێزەكانی هاوپەیمانانه‌و به‌پێی‌ رێككه‌وتنی‌ پێشتری‌ نێوانیان، نابێت به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ عێراق ئاسمانی‌ عێراق بۆ هیچ كرده‌یه‌كی‌ سه‌ربازیی به‌كاربهێنن.

ئه‌و ده‌ڵێت، به‌ڵام هێزەكانی هاوپەیمانان به‌هۆی‌ بۆردومانكردنی‌ بنكه‌یه‌كی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌قائم‌و دواتر بۆردومانكردنی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا، ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌یان پێشێل كرد كه‌ له‌نێوان هه‌ردولادا هه‌بو.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×