پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ: سەرۆکی فراکسیۆن ئامادەنەبو فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینی واژۆ بکات
  2020-01-17       861       
سیروان بابان

به‌وته‌ی‌ سیروان بابان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئامادەنەبوووه‌ فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینی واژۆ بکات.

ئاوێنه‌: سیروان بابان لەئەكاونتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی نوسراوێكی بڵاوكردوەتەوە كە تیایدا داوا لەئەندامانی فراكسیۆنەكەی دەكات، لەكۆتایی ئەم خولەی پەرلەماندا خانەنشینی رەتبكەنەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێ، سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان ئەوەی رەتكردەوە.

سیروان بابان نوسیویەتی، "سێ رۆژ پێش دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازیی ئەم فۆرمەم ئامادەکردو پێش کۆنگرەی رۆژنامەوانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، ئەم فۆرمەو داواکارییەکەم خستە بەردەم بەرێز سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رێزدار د کازم فارووق. بەداخەوە ئامادە نەبو لەگەڵما ئیمزای بکەن".

جگه‌ له‌شادی‌ نه‌وزاد په‌رله‌مانتاری‌ پێشوی‌ فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ، حه‌وت په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ دیكه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ ده‌نگیان به‌یاسای‌ چاكسازیی نه‌داو هۆڵی‌ په‌رله‌مانیان جێهێشت.

له‌به‌رامبه‌ردا جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، شادی نەوزادی لەفراکسیۆنەکەی دەرکردووە.

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌، په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌، پارتی‌، گۆڕان‌و كۆتاكان، پرۆژه‌ یاسای‌ چاكسازیی‌ له‌موچه‌ی‌ خانه‌نیشان په‌سه‌ندكرد.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×