ترامپ بۆ خامنەیی: پێویستە زیاتر ئاگات لە قسەکانت بێت
  2020-01-18       785       

دوای ئەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمریکا و ئەوروپای بە وڵاتانی "شەڕانگێز" ناوبرد، دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا بە هەڕەشەوە بۆ خامنەیی نوسیویەتی؛ پێویستە زیاتر ئاگات لە قسەکانت بێت.

ئاوێنە: دوێنێ عەلی خامنەیی، لە وتاری نوێژی هەینیدا قسەی لەسەر ڕوداوەکانی دو هەفتەی ڕابردوی وڵاتەکەی کرد، دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکاش بە چەند تویتێک وەڵامی داوەتەوە.

خامنەیی لە قسەکانیدا بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکای بە وڵاتانی "شەڕانگێز" ناوبرد کە هەوڵیانداوە بە سودوەرگرتن لە کردنە ئامانجی فڕۆکە ئۆکرانییەکە، روداوی كوشتنی قاسم سولەیمانی پەراوێزبخەن، هەروەها ئەمریکاشی بە "تیرۆریست" ناوبرد.

لە وەڵامی ئەو قسانەدا ترامپ نوسیویەتی: رێبەری بە حیساب باڵای ئێران، کە بەم دواییانە ئەوەندەش ڕێزی نەماوە، لەسەر ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئەوروپا هەندێک شتی ناشرینی وت، ئابورییەکەیان خەریکە دەڕوخێت، خەڵکەکەیان ئازار دەچێژن، ئەو پێویستە زیاتر ئاگای لە قسەکانی بێت.

لە تویتێکی دیکەدا کە بە زمانی فارسی بڵاویکردوەتەوە، نوسیویەتی"خەڵکی رێزداری ئێران کە ئەمریکایان خۆشدەوێت، شایستەی دەوڵەتێکن کە زیاتر لەوەی بە تاوانی داواکردنی ڕێز دەیانکوژێت، یارمەتییان بدات کە دەستیان بگات بە خەونەکانیان، ڕێبەری ئێران لەجێی ئەوەی ئێران بەرەو وێرانی ببات، دەبێت بڵاوکردنەوەی ترس بەلاوە بنێت و ئێران دوبارە گەورە بکاتەوە".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×