2020-01-18   674     
باشاک دەمیرتاش دوای سەردانەکەی بۆ لای سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەری کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە گرتووخانەی ئێدیرنە بەندکراوە، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئاوێنه: شایانی باسە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاتێک کتێبەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ناوی ''دەوران'' کرایە شانۆگەری و دەخوێندرایەوە، هەریەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتی جەهەپە و سێلڤی کڵچدارئۆغڵوی هاوسەری، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵ و دیلەک ئیمامئۆغڵوی هاوسەری، و جانان کافتانجیئۆغڵو سەرۆکی لقی ئەستەمبوڵی جەهەپە ئامادەی شانۆگەرییەکە بوون و لەپاڵ باشاک دەمیرتاشدا دانیشتبوون کە ئەوەش دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
باشاک دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا دەڵێت:
سڵاوتان لێبێت. ئەمڕۆ ڕۆژی یەکتربینینمان بوو لەگەڵ سەڵاحەدین و ئەو زۆر ڕێز و سڵاوی هەبوو بۆتان. لەو ڕێگەیەوە دەمانەوێت پەیامێک بە ئێوە بگەیەنین.
لە پاڵ یەکدی بوون، قسەکردن، پێکەوەبوون زیان بە هیچ کەسێک ناگەیەنێت. لە ڕاستیدا ئەوەی کە مەترسیدارە بریتییە لە جەمسەرگیری، ڕق و کینە و نەفرەت.
لە پاڵ یەکدی وەستان توندوتیژی زیاد ناکات، بە پێچەوانەوە هەموو کێشەیەک لەناو دیموکراسیدا و بە دیالۆگ ئاسانتر چارەسەر دەبێت. لێرەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرەکی بریتییە لە سیاسەت.
دووری نێوان ئێمە و توندوتیژی زۆر لەوە زیاترە کە هەندێک کەس پێشبینی دەکەن. دژایەتی کردنی توندوتیژی لە هەلوێستە ڕەوشتی و بنچینەییەکانی ئێمەیە. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین شت بریتییە لە دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ و توندوتیژی.
لە لایەک وتنی “دوور بن کە توندوتیژی” و لە لایەکی دیکەوە جێبەجێ کردنی سیاسەتی توندوتیژی کارێکی ئەخلاقی نییە.
لەبەر ئەوە ناچارین هەموو جۆرە کێشەکانمان لە ڕێگەی قسەکردن و سەرلەنوێ تاقیکردنەوەوە چارەسەر بکەین. بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لەگەڵ جەنگ و توندوتیژیدا نین و ئاشتی و دیموکراسییان دەوێت.
لەم چەند ڕۆژەی دوایین هەواڵی ناخۆشمان خوێندەوە. بە هۆی ئەو کەشە پڕ لە توندوتیژییەی لە تورکیا و سوریا درووست بووە باوک و دایک و ڕۆڵەکانییان گیانیان لەدەستدا. داوا لە خودا دەکەین لێیان خۆش بێت و سەبوری کەسوکارییان بدات.