عەلی حەمەساڵح: سبەی سەرۆكایەتی حكومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەكان لەسەر دۆسیەی خاڵە سنورییەكان كۆدەبنەوە
  2020-01-19       1300       

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، بڕیارە سبەی دوشەممە، سەرۆكایەتی حكومەتی و وەزیرە پەیوەندیدارەكان لەسەر دۆسیەی خاڵە سنورییەكان كۆببنەوە. ئەو دەڵیت، ئەم چاكسازییە بكرێت كارێكی گرنگە، نەكرێت ئەوا چاكسازی دەبێت دروشم. ئاشكراشیدەكات كە کۆمپانیایەک لە مەرزی حاجی ئۆمەران بۆ ھەر مەنەفێستی ئۆتۆمبیلێک ٣٥ ھەزار دینار وەردەگرێت بەناوی چاککردنەوەی مەرز.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك لە نوسینێكدا سەبارەت بە دۆسیەی خاڵە سنورییەكان، رایگەیاند، چوار مانگ بەدواداچون، چوار مانگ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە، دەیان دۆسیەی ناشرینی گەندەڵی و قاچاخچێتی و ھێنانی كاڵای قەدەغەکراو، حکومەت خۆی چەندین گرێبەستی کردوە بۆ ئەوەی چەند کۆمپانیایەک مانگانە ملیۆنان دۆلار ببەن، دەزگا ئەمنیەکان ھاوکاری بەرپرسانن بۆ قاچاخچێتی جگەرەو ھێلکەو مەشروب...ھتد."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەم بەدواداچونە لە ئیبراھیم خەلیل تاوەکو باشماخ، دوچاری دەیان گرفتی کۆمپانیا قۆرخکارەکان و قاچاخچیەکان بوین، بەڵام وەک پێش کارەکە بەڵێنم دابو، تاکۆتایی بڕۆم. ئەوەی ویستمان کۆمان کردەوە، خستمە بەردەم سەرۆکایەتی حکومەت."

ئاشكراشیكردوە"بڕیارە سبەی کۆبونەوەی سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بێت بۆ خاڵە سنورییەکان، ڕۆژانی ئایندەش دانیشتنی پەرلەمان بێت، ئەم چاکسازییە بکرێت کارێکی گرنگە، نەشکرێت بەدڵنیایی چاکسازی دەبێتە دروشم."

عەلی حەمەساڵح لەنوسینەكەیدا نمونەیەكی هێناوەتەوەو وتویەتی"کۆمپانیایەک بەناوی کۆریدۆر لە حاجی ئۆمەران بۆ ھەر مەنەفێستی ئۆتۆمبیلێک ٣٥ ھەزار دینار وەردەگرێت، بەناوی سیانە(چاککردنەوە)ی مەرز!"

عەلی حەمەساڵح لەگەڵ نوسینەكەیدا وێنەیەكی بڵاوكردۆتەوەو وتویەتی"داھاتی ئەم کابینە بچوکەی لە وێنەکەدا ھەیە بۆ کۆمپانیاکە مانگانە نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دینارە!" 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×