ئاسایشی هەولێر: مەحمود سەنگاوی ناماقوڵی دەکات
  2020-01-20       4531       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر لەرونکردنەوەیەکدا سەبارەت بەرەخنەگرتنی مەحمود سەنگاوی لەچۆنیەتی گیان لەدەستدانی ئەندامێکی دەستگیرکراوی یەکێتی لەهەولێر، دەڵێت "مەحمود سەنگاوی ناماقوڵی دەکات".

ئاوێنە: مەحمود سەنگاوی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌  لە مەراسیمی چلەی شەهیدانی كوڵەجۆ، لە بەشێكی قسەكانیدا لەسەر گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەكی حزبەكەی لەزیندان لەهەولێر، ئاسایشی هەولێری تۆمەتبار كرد بەوەی خۆیان ئەو پێشمەرگەیەیان خنكاندوەو كارەكەشی بە "كردەوەیەكی تیرۆرستی" ناوبرد و وتی"ئەوانەی وایان لەو پێشمەرگەی یەكێتی كرد هیچیان كەمتر نییە لەوەی داعش كردویەتی، چونكه‌ داعش پێشمەرگەكانمان شەهید دەكات و پارتیش پێشمەرگەمان دەخنكێنێت".

سەنگاوی وتیشی"رەفتارەكانی پارتی بەرامبەر بە لایەنگرانی یەكێتی هەمان رەفتارەكانی حزبی بەعسە."

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند"چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، محمود سەنگاوی بە شێوەیەکی ناڕەوا و بە ئاستێکی نزمی وەک خۆی پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی دا و ناماقوڵی زۆری دەرهەق بە دڵسۆزان و رۆڵەکانی ئەم گەلە و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی کردوە."

ئاسایشی هەولێر وتوشیەتی"جێگەی سەرسوڕمان نییە قاچاخچییەکی ناسراوی مەرزەکانی ناوچەی گەرمیان، کە تێوەگڵاوی بازرگانی ڕەش و ئەندامی تۆڕی بازرگانی ناشەرعییە، بەرگری لە تۆڕی مافیا بکات و لەسەریان بێتە دەنگ و وەرەقەکان تێکەڵی پەیوەندی نێوان حیزبەکان بکات."

جەختیشی كردۆتەوە كە "دەزگاکەمان بەمافی خۆی دەزانێت لە دژی هەر جۆرە تۆمەتێکی ناڕەوا و ناوزڕاندنێک، بەرامبەر دەزگا و هێزەکانمان، رێکاری یاسایی بگرێتەبەر."

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی مەجید ئیبراهیم راگه‌یه‌ندرا كە پێشمەرگەیه‌كی تەمەن 38 ساڵی یەكێتی بو له‌ لیوای 3ی تایبه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌، وه‌ك ده‌وترێت پێشتر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ لەگوندی سیساوە لەلایەن دژە تیرۆری پارتییەوە رفێندراوه‌.

له‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ ئاسایشی هەولێر ڕاگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی یه‌كێتی په‌یوه‌ندیی به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌و لەزینداندا خۆی خنكاندوە.

دوای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم پزیشكی دادوەری ھەولێر بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، "گومانمان لەروداوەكە ھەیە كە ئەو پێشمەرگەیە لەزیندانی ئاسایشی ھەولێر خۆی خۆی خنكاندبێت ئەو راپۆرتە پزیشكیەمان رەتكردوەتەوە و سكاڵای یاسایش تۆمار دەكەین."

دەقی راگەیەندراوەكەی ئاسایشی هەولێر..

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×