کۆڕبەندی داڤۆس ده‌ستیپێكردو بڕیاره‌ نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ترمپ‌و وەزیرانی دەرەوەی ژماره‌یه‌ك وڵات كۆببێه‌وه‌
  2020-01-21       855       
ئه‌مرۆ كاره‌كانی‌ کۆڕبەندی ئابوری‌ داڤۆس ده‌ستیبه‌كاره‌كانی‌ كردو بڕیاره‌ له‌په‌راوێزی‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترمپ‌و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکەو ئەوروپا كۆببێه‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ كاره‌كانی‌ پەنجایەمین کۆڕبەنی ئابوری جیهانی داڤۆس له‌شارۆچكه‌ی‌ داڤۆس لەشاخەکانی ئەڵپ، لەڕۆژهەڵاتی سویسرا ده‌ستیپێكردو له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و له‌عێراقه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار به‌شداری‌ له‌كۆڕبه‌نده‌كه‌دا ده‌كه‌ن‌و بڕیاره‌ كاره‌كانی‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ چوار ڕۆژ بخابه‌نێت.

فەلاح مستەفا، راوێژکاری سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، جگە لەسەرۆکی ئەمریکا، ژمارەیەک لەوەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکەو ئەوروپا له‌په‌راوێزی‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆدەبنەوە، لەنێویاندا وەزیری دەرەوەی تورکیاو نەرویج‌و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی سعودییە.
 
کۆڕبەنی ئابوری جیهانی داڤۆس، کۆبونەوەیەکی‌ ساڵانەی بواری ئابورییە کە لەنێوان سەرکردەکانی جیهان‌و بەڕێوەبەری کۆمپانیاو خاوەن بزنسەکان‌و خەڵکانی ئەکادمی‌و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، لەسویسرا بەڕێوەدەچێت.

لەبارەی کۆڕبەنی ئابوری جیهانی فەلاح مستەفا وتی‌، دەرفەتێکی گرنگە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان‌و سەرکردە ئابورییەکان کۆببێتەوە بۆ خستنەڕوی پەیام‌و سیاسەتی هەرێمی کوردستان.
 
وتیشی، كۆڕبه‌نده‌كه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان "بۆئەوەی بتوانین نەک لەڕوی سیاسی‌و ئاسایش، بەڵکو لەڕوی ئابوری‌و بازرگانییەوە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین".
 
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ کلاوس شەواب، دامەزرێنەری کۆڕبەنی ئابوری جیهانی داڤۆس لەمیانەی دانیشتنی دەستپێکردنی کۆڕبەنده‌كه‌دا رایگەیاند، "نامانەوێن جیهان روبەڕوی ئەو لێکترازانە سیاسییە بێتەوە کە بەبەردەوامی لەم ماوەیەی کۆتایدا رویانداوە".

وتیشی، "کۆڕبەندەکە دەبێت بەرێڕەوێک بۆ ئەنجامدانی کار بەئامانجی رێگریکردن لەگۆرانی ژینگەو بە بەرهەمهێنان لەروبەرە سەوزەکاندا، نەک نەنها گفتوگۆ لەبارەیەوە بکرێت".

کۆڕبەندی داڤۆس یەکەمجار لەساڵی 1971 لەلایەن ئابوریناسی ئەڵمانی کلۆوس شواب، وەکو دیدارێکی ئەوروپی‌و بۆ هاوکاریکردنی بزنسی ئەوروپی‌و ئاشناکردنی کۆمپانیاو حکومەتەکانی دیکە بەیەکتری ڕێکخراوە. دواتر لەساڵی ٢٠١٥دا، وەکو دامەزراوەیەکی جیهانی ناسراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×