330 کۆچبەری ناياسایی له‌توركیا ده‌ستگیركران
  2020-01-21       730       

بەرپرسانی تورکیا دەستگیرکردنی 330 کۆچبەری ناياساییان ڕاگەیاند کە ویستویانە خۆیان بگەیەننە دورگەی‌ لیسبۆس لەیۆنان.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ هه‌واڵێك كه‌ ده‌زگای‌ لوتكه‌ بۆ كاروباری‌ په‌نابه‌ران بڵاویكردۆته‌وه‌، پۆلیسی دەریاوانی ناوچەی‌ کوچوکیا لەڕۆژئاوای پارێزگای چانکایا دەڵێت، حەوت ئۆپراسیۆنیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کۆچبەرانە ئەنجامداوە کە هەوڵیان داوە بپەڕنەوە، دەوترێت کۆچبەرەکان خەڵکی عێراق، ئێران، سوریاو ئەفغانستانن.

لەمانگی ئابەوە، دەریای ئیجە کە تورکیاو یۆنان لێکجیادەکاتەوە ڕوبەڕوی شەپۆلێکی گەورەی‌ کۆچبەرانی نائاسایی بووەتەوە، پۆلیسی دەریاوانی تورکیا دەڵێت، لەناوەڕاستی مانگی ئابدا زیاتر لە 700 کۆچبەریان دەستگیرکراون، ئەو کۆچبەرانە ویستویانە بەبەلەمی نەشیاو بۆ دەریا بەرەو یۆنان‌و دواتر بەرەو ئەوروپا بڕۆن.

گەشتی ئەو بەلەمە مەترسیدارانە کە زۆرجار لەلایەن قاچاخچییەکانەوە ڕێکخراوە هەزاران دۆلاری تێدەچێت، زۆرێک لەڕێگاکەدا دەمرن، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، 859 کۆچبەر لەدەریای ناوەڕاستدا خنکاون.

بەپێی ئامارێکی کۆکراوە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، بەراورد بەساڵی 2015 کە یەک ملیۆن بووە، لەساڵی 2019دا ژمارەی‌ ئەو کەسانەی‌ کە لەدەریای ناوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی یەکێتی‌ ئەوروپا دابەزیوە بۆ 172 هەزار و 301 کۆچبەر، دابەزینی بەرچاوی ژمارەکە بەهۆی ڕێککەوتنی 2016ی تورکیاو یەکێتی‌ ئەوروپاوەیە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، تورکیا ڕێگریی لەدەربازبونی کۆچبەران دەكات لەبەرانبەردا یەکێتی ئەوروپا سێ ملیار یۆرۆ پێشکەشی تورکیا دەکات.

سەرباری کۆنتڕۆڵی زیاتری ڕێگاکە، هێشتا هەزاران کەس دەیانەوێت ئەو گەشتە گران و مەترسیدارە ئەنجامبدەن، تورکیا هێشتا یەکێکە لەو وڵاتانەی‌ کە کۆچبەران دەیانەوێت لێیەوە کۆچ بکەن بەرەو ئەوروپا.

هێشتا ڕون نییە چی بەسەر ئەو کۆچبەرە نائاساییانەدا دێت کە لەلایەن پۆلیسی دەریاوانییەوە دەستگیردەکرێن، وەزارەتی‌ ناوخۆی تورکیا دەڵێت، تەنها لەساڵی 2019دا، نزیکەی‌ 165 هەزار کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون کە خەڵکی چەند وڵاتێکی کیشوەری ئاسیان.

هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی‌ ناوخۆی تورکیا، ساڵی ڕابردووش، 268 هەزار کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×