دۆناڵد ترەمپ و بەرهەم ساڵح كەمكردنەوەی ژمارەی هێزە بیانییەكان لەعێراق تاوتوێ دەكەن
  2020-01-22       953       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاو بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لەكۆبونەوەی نێوانیاندا لەپەراوێزی كۆبونەوەكانی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس، چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد لەوانە بونی هێزە بیانییەكان و كەمكردنەوەی ژمارەیان لەعێراق.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، بەرهەم ساڵح لە پەراوێزی كۆبونەوەكانی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كۆبوەتەوەو گفتوگۆییەكی چڕوپڕیان ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە کۆبونەوەکەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردۆتەوە لە پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە سەر هەردو ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا ئاماژەی بە چەسپاندن و پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری وەك تاكە رێگەچارەیەك بۆ زامنكردنی هێنانەدی ئاشتی سەرتاسەری لە ناوچەكەدا كردوە.

ھاوکات سەرۆك كۆمار رایگەیاندوە، عێراق سورە لەسەر دروستكردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ تەواوی دۆست و هاوپەیمانەكانی كە ببێتە مایەی پتەوكردنی سەروەری عێراق و رێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆو بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق، هەروەها بەردەوامیدان بە گەشەسەندنی ئابوری و بونیادنانەوەو رێگەنەدان بەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان و یەكلاكردنەوەی كێشەكان.

لەلای خۆیشییەوە سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی نیشانداوە بۆ سەقامگیری عێراق و سوربونی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییە هاوبەشەكان و فراوانكردنی مەودای هاریكارییەكان لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردو گەل بكات، هاوكات سەرۆكی ئەمریكا رۆڵی میحوەری عێراقیشی بەرزنرخاندوە لە ناوچەكەدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە هەر لەو دیدارەدا بونی هێزە بیانییەكان و كەمكردنەوەی ژمارەیان لە عێراق و گرنگی رێزگرتن لە داواكاری گەلی عێراق بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری نیشتمانی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×