كۆشكی سپی: دۆناڵد ترەمپ و بەرهەم ساڵح رێككەوتن لەسەر پێویستی بەردەوامیدان بە شەراكەتی ئەمنی
  2020-01-22       1217       

كۆشی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاو بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆیاندا لە داڤۆس رێككەوتون لەسەر پێویستی بەردەوامیدان بە شەراكەتی ئابوری و ئەمینی نێوان ئەمریكاو عێراق.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ و بەرهەم ساڵح لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابوری جیهان لە داڤۆس كۆبونەوەو چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد.

له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌، كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا لە راگەیەندراوێكدا  ئەوەی خستۆتەڕو"هه‌ردو سه‌رۆك رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێویستی به‌رده‌وامیدان بە شەراكەتی ئابوری و ئه‌منی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق له‌نێویشیاندا روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش".

هه‌روه‌ها هاتوه‌"له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، دۆناڵد تره‌مپ جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به‌ سه‌روه‌ری و سه‌قامگیری عێراق و گه‌شه‌سه‌ندنی كردووه‌ته‌وه"‌.

پێشتر لەبارەی كۆبونەوەكە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاندبو، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردۆتەوە لە پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە سەر هەردو ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا ئاماژەی بە چەسپاندن و پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری وەك تاكە رێگەچارەیەك بۆ زامنكردنی هێنانەدی ئاشتی سەرتاسەری لە ناوچەكەدا كردوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە سەرۆك كۆمار رایگەیاندوە، عێراق سورە لەسەر دروستكردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ تەواوی دۆست و هاوپەیمانەكانی كە ببێتە مایەی پتەوكردنی سەروەری عێراق و رێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆو بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق، هەروەها بەردەوامیدان بە گەشەسەندنی ئابوری و بونیادنانەوەو رێگەنەدان بەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان و یەكلاكردنەوەی كێشەكان.

هیمای بۆ ئەوەش كردبو كە لەلای خۆیشییەوە سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی نیشانداوە بۆ سەقامگیری عێراق و سوربونی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییە هاوبەشەكان و فراوانكردنی مەودای هاریكارییەكان لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردو گەل بكات، هاوكات سەرۆكی ئەمریكا رۆڵی میحوەری عێراقیشی بەرزنرخاندوە لە ناوچەكەدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار هەر لەو دیدارەدا بونی هێزە بیانییەكان و كەمكردنەوەی ژمارەیان لە عێراق و گرنگی رێزگرتن لە داواكاری گەلی عێراق بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری نیشتمانی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێكراوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×