وتەبێژی حكومەت: سبەی تەرمی پێنج لەقوربانیانی بەلەمە نقومبوەكەی ئیجە دەگەیەنرێنەوە سلێمانی
  2020-01-23       679       

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئێوارەی سبەی هەینی، تەرمی پێنج لە قوربانیانی بەلەمە نقومبوەكەی دەریای ئیجە دەگەیەنرێنەوە سلێمانی ئەوەش لەسەر ئەركی حكومەت.

ئاوێنە: بەرەبەیانی رۆژی شەممە 11-01-2020 بەلەمێک بە 50 سەرنشینەوە لە دەریای ئایۆنی نزیک دورگەی پاکسوسی یۆنان ژێرئاوکەوت کە بەشێکی سەرنشینەکانی هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بون. 

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی نوسراودا رایگەیاند، ئێوارەی سبەی هه‌ینی کاتژمێر ٨:٤٥، تەرمی پێنج لە قوربانیانی بەلەمی نوقومبوی دەریای ئیجە بە ناوەکانی (رێبین عەباس محەمەد، رەوەند مستەفا، رێبین محەمەد، سیڤەر ستار و یوسف بابەکر) لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنرێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

بەگوێرەی لێدوانەوەكەی جوتیار عادل، هێنانەوەی تەرمی قوربانییەكان لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە کۆبونەوەی هەفتەی رابردوی ئەنجومەنی وەزیراندا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی له‌گەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان، دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد، هەمو هاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییان بۆ هه‌رێمی كوردستان بکەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×