دەزگای لوتكە لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەت سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمی قوربانیانی "ئیجە" رەتدەكاتەوە
  2020-01-23       1142       

دەزگای لوتكە سەرلەبەری لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەت سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمی قوربانیانی دەریای "ئیجە" رەتدەكاتەوەو دەشڵێت،  لەلایەن دەزگاکەمان و نوێنەرمانەوە لە وڵاتی یۆنان، کاروباری یاسایی بۆ گێڕانەوەی تەرمەکان جێبەجێ کراوە و تێچوی گێڕانەوەی تەرمەکان و بەدواداچون بۆ بێسەروشوێنەکان لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە گیراوەتە ئەستۆ.

ئاوێنە: پێشتر جوتیار عادل، وتەبێژی جكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی نوسراودا رایگەیاندبو، ئێوارەی سبەی هەینی، لەسەر ئەركی حكومەت تەرمی پێنج لە قوربانیانی بەلەمە نقومبوەكەی دەریای ئیجە دەگەیەنرێنەوە سلێمانی بەڵام دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران ئەوە رەتدەكاتەوە.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 11-01-2020 بەلەمێک بە 50 سەرنشینەوە لە دەریای ئایۆنی نزیک دورگەی پاکسوسی یۆنان ژێرئاوکەوت کە بەشێکی سەرنشینەکانی هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بون.

دەزگای لوتكە ئێوارەی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە "سەرلەبەری" لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتدەكەنەوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكەیدا وتبوی، ئێوارەی سبەی هه‌ینی کاتژمێر ٨:٤٥، تەرمی پێنج لە قوربانیانی بەلەمی نوقومبوی دەریای ئیجە بە ناوەکانی (رێبین عەباس محەمەد، رەوەند مستەفا، رێبین محەمەد، سیڤەر ستار و یوسف بابەکر) لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنرێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

دەزگای لوتكە لەوبارەیەوە وتویەتی"لەلایەن دەزگاکەمان و نوێنەرمانەوە لە وڵاتی یۆنان، کاروباری یاسایی بۆ گێڕانەوەی تەرمەکان جێبەجێ کراوە و ئەرکی گێڕانەوەی ئەو تەرمانە ئێمە گرتومانەتە ئەستۆی خۆمان. تێچوی گێڕانەوەی تەرمەکان و بەدواداچون بۆ بێسەروشوێنەکان لەلایەن بەڕێز لاهور شێخ جەنگییەوە گیراوەتە ئەستۆ."

ئاماژەی بەوەشداوە كە حکومەتی هەرێم، جگە لەوەی هاوکار نەبوە لەم کەیسەدا، تەنانەت زانیاریشیان لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە و جوتیار عادل زانیاریی هەڵەی بڵاو کردۆتەوە.

سەبارەت بە "زانیارییە هەڵەكان"ی وتەبێژەكەی حكومەت دەزگای لوتكە وتویەتی، بەڕێزیان ڕایانگەیاندوە کە ئەم کارەساتە لە دەریای ئیجە ڕویداوە، لە کاتێکدا کە بەداخەوە لە دەریای ئایۆن ئەم ڕوداوە ڕویداوە، کە دەکەوێتە نێوان یۆنان و ئیتاڵیاو ناوی ٤ لە پەنابەرەکانی بە هەڵە بڵاو کردۆتەوە و وا دیارە بەڕێزیان ناوەکانیان لەسەر ئەو وێنەیەوە وەرگرتوە کە تیایدا لەسەر سندوقی تەرمەکان ناوەکان بەشێوەی دوانی نوسراون و پێشتر دەزگای لوتکە بڵاوی کردبۆوە.

دەقی راگەیەندراوەكەی دەزگای لوتكە

ڕاگەیەندراوێک لە دەزگای لوتکەوە بۆ ڕایگشتی

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٣/١/٢٠٢٠، لەدوای ئەوەی دەزگاکەمان هەواڵی گێڕانەوەی تەرمەکانی ڕوداوە نەخوازراوەکەی یۆنانی بڵاوکردەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، بەڕێز جوتیار عادل ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەناوی حکومەتەوە بڵاو کردۆتەوە. ئێمە وەک دەزگای لوتکە سەرەڕای ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێزیان، ڕایدەگەیەنین کە:

١/ لە یەکەم ساتی ڕودانی ئەو ڕوداوەوە دەزگای لوتکە و نوێنەرە خۆبەخشەکانی بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ کەیسەکەدا کردوە و دەستبەجێ دەست کراوە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچون و گشت کاروبارە یاساییەکانمان بەهاوکاریی باڵیۆزخانەی عیراق لە وڵاتی یۆنان جێبەجێ کردوە.

٢/ بەدواداچون بۆ بێسەروشوێنەکان بەردەوامەو لەو چوارچێوەیەدا پرۆفایلی دی ئێن ئەی لەلایەن دەزگاکەمانەوە لە کەسوکاری قوربانییەکان وەرگیراوەو بەوردی لەلایەن دەزگای لوتکەوە کاری لەسەر دەکرێت.

٣/ لەلایەن دەزگاکەمان و نوێنەرمانەوە لە وڵاتی یۆنان، کاروباری یاسایی بۆ گێڕانەوەی تەرمەکان جێبەجێ کراوە و ئەرکی گێڕانەوەی ئەو تەرمانە ئێمە گرتومانەتە ئەستۆی خۆمان.

٤/ تێچوی گێڕانەوەی تەرمەکان و بەدواداچون بۆ بێسەروشوێنەکان لەلایەن بەڕێز لاهور شێخ جەنگییەوە گیراوەتە ئەستۆ.

سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە، ڕایدەگەیەنین کە حکومەتی هەرێم، جگە لەوەی هاوکار نەبوە لەم کەیسەدا، تەنانەت زانیاریشیان لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە و بەڕێز جوتیار عادل زانیاریی هەڵەی بڵاو کردۆتەوە کە لێرەدا دەیخەینە بەرچاوی ئێوەی بەڕێز:

١/ بەڕێزیان ڕایانگەیاندوە کە ئەم کارەساتە لە دەریای ئیجە ڕویداوە، لە کاتێکدا کە بەداخەوە لە دەریای ئایۆن ئەم ڕوداوە ڕویداوە، کە دەکەوێتە نێوان یۆنان و ئیتاڵیا.

٢/ ناوی ٤ لە پەنابەرەکانی بە هەڵە بڵاو کردۆتەوە و وا دیارە بەڕێزیان ناوەکانیان لەسەر ئەو وێنەیەوە وەرگرتوە کە تیایدا لەسەر سندوقی تەرمەکان ناوەکان بەشێوەی دوانی نوسراون و پێشتر دەزگای لوتکە بڵاوی کردبۆوە.

بۆیە ئێمە وەک دەزگای لوتکە بە مافی خۆمانی دەزانین کە ئەم ڕاگەیاندنە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەینەوە تاکو ماندوبونمان بە فیڕۆ نەڕوات و حکومەتیش هەمو دەستکەوتەکان نەکاتە موڵکی خۆی. گشت بەڵگەکان لای دەزگای لوتکە پارێزراون و پێشتریش بەشێک لەوانە لەلایەن دەزگاکەمانەوە بڵاوکراونەتەوە. ئێمە خوازیار بوین حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی هەڵبستایەو ئەو کاروبارانەی بگرتایەتە ئەستۆ و پێویستی بەوە نەکردایە ئێمە لە پێنج ساڵی ڕابردودا تەواوی ئەو کارانە جێبەجێ بکەین.

هەر لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەگەر حکومەتی هەرێم هێندە پەرۆشی پەنابەرانە، ئێمە ئامادەین دەیان کەیسی تریان ڕادەست بکەین تاکو ئەوان بتوانن ئەو تەرمانەی لە وڵاتانی ئەوروپا نێژراون بگەڕێننەوە و بەدواداچون بکەن بۆ کەیسی بێسەروشوێن بونی سەدانی دیکە.

ڕاگەیاندنی دەزگای لوتکە
٢٣/١/٢٠٢٠

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×