بێئەدەبی ئازادی نییە!
  2020-01-23       6100       

ژمارەیەك رۆشنبیرو نوسەرو هونەرمەند لەسەر قسەكانی مەلا هەڵۆ بەیاننایەكیان بڵاوكردەوەو دەڵێن"ئەوەی مەلا ھەڵۆ کردویەتیی و دەیکات لەو جۆرە بێئەدەبیی و سوکایەتیکردنانەیە کە بە ھیچ شێوەیەک ناچێتە قاڵبی ئازادیی ڕادەربڕینەوە، ناچێتە چوارچێوەی مافی ئازادیی ویژدان و بیرکردنەوەوە، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەو دەیڵێت بێئەدەبیکردن و ئیھانەکردنێکی گەورەی بەشێکی زۆری ئەندامانی کۆمەڵگای ئێمەیە. ئەچێتە قاڵبی کەسایەتی شکاندن و ئابڕوبردنی سەدان ھەزار، ئەگەر نەڵێین چەند ملیۆن، مرۆڤی کۆمەڵگای ئێمەوە."

ئاوێنە: لە بەیاننامەكەدا كە وێنەیەكی بۆ ئاوێنە نێردراوە، ئەو رۆشنبیر و نوسەرو هونەرمەندانە، هێمایان بۆ ئەوە كردوە"یەکێک لە سێنتەرە سەرەکییەکانی فیکری مەلا ھەڵۆ و ھاوبیرەکانی ئیھانەکردن و سوکایەتییەکی بەردەوامە بە ژنان، نمایشکردنیانە وەک بوونەوەری ترسناک و نووقسان و شەرمھێن و حەیابەر. بچووکردنەوەی ژن و دابڕینی لەوەی بوونەوەرێکی خاوەن عەقڵ و بیرکردنەوە و ئیرادە و خواست و ھەڵبژاردنی خۆی بێت، چەقی بیرکردنەوەی ئەمانەیە بەرامبەر بە نیوەی کۆمەڵگا. لەبەر ئەم ھۆیانە ئێمە پێمانوایە ئەم جۆرە کەسایەتیی و ئەم جۆرە گوتارە، پێویستیان بە لێپرسینەوەی یاسایی ھەیە و نابێت ئەم فۆرمە لە بێئەدەبیی بگاتە ئەو ئاستەی سەرجەمی ئەو سنوورە سادانە ببەزێنێت کە دیالۆگ و ڕاگۆڕکێ و گفتگۆ لە کۆمەڵگایەکەدا مەیسەردەکەن، کە ھاریکاریی و بەدەمەوەچوونی کۆمەڵایەتیی پەکبخات."

ئەوان دەشڵێن"ئەوەی ئێمە داوای دەکەین زیادکردن و گەورەکردنی ڕووبەری سانسۆر نییە لە کۆمەڵگاکەدا، ھەروەھا دروستکردنی دۆخێک نییە بۆ گەشەکردنی سانسۆری ناوەکیی و خودیی. ئەوەی ئێمە بەرگریی لێدەکەین ڕێگرتنە لەو ئیھانە گەورانەی کەسانێکی بێئەدەب، لەپاڵ تێگەیشتنێکی خراپ و ترسناکدا بۆ دین، ئەنجامیئەدەن و بەمەش ڕێ لە سادەترین فۆرمەکانی ڕاگۆڕکێ و گفتوگۆ و ھاریکاریی کۆمەڵایەتیی، دەگرن."


دەقی بەیاننامەكە...

بێئەدەبی ئازادی نییە!

ڕووبەری گشتیی ھەر کۆمەڵگایەک پڕیەتی لە ڕا و بۆچون و دیدی جیاواز، پڕیەتی لە زمان و شێوازی دەربڕین و نووسینی جیاواز، ئەمانە ھەندێکیان بەیەکتری نزیکن و ھەندێکیشیان دژ و پێچەوانەی یەکترین. ئەوەی دەبێت بپارێزرێت و بەرگریی لێبکرێت بوونی ئەم گشتە جیاواز و پلورالەیە. ھەموو ھەوڵدانێک بۆ بەیەکڕەنگکردن و سڕینەوەی فۆرمە جیاوازەکانی ڕا و بۆچوونی جیاواز و سڕینەوەی شێوازەکانی خۆدەربڕین و نووسین و دەرکەوتن لە ڕووبەری گشتیدا، مەترسیدارترە لە بوونی ئەو ناکۆکیی و جیاوازیانەی کە ھەن و لە بوونی ئەو ڕایانەدا کە بەیەکدادەدەن.

ئێمە بەرگرییەکی سەرسەخت لەم پلورالبوونەی بوونی ڕا و بۆچوون و بیرکردنەوەی جیاواز لە کۆمەڵگادا دەکەین، تا ئەو شوێنەش دەڕۆین کە نابێت کەسانی خاوەن ڕا و بۆچوونی جیاواز ناچاربکرێن خۆیان بکەونە سانسۆرکردنی خۆیان و خۆیان سنوور لەسەر ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕینی خۆیان دابنێنن.

بەڵام بەدیوی ئەودیودا بەرگریش لەو ڕوانینە دەکەین کە ئەم پێکدادانی بۆچون و ڕایانە نابێت بگاتە ئاستی جنێودان و ئیھانەکردن و بەدناوکردن، یان ئاستی شکاندنی کەسایەتیی ئەوانیتر، ناشبێت بگاتە ئاستی بێئەدەبییکردن و بریندارکردن. ئێمە پێمان وایە مافی ڕادەربڕین یەکسان نییە بە مافی ئیھانەکردن و جنێودان و شکاندن و بەدناوکردن.

ئەوەی مەلا ھەڵۆ کردویەتیی و دەیکات لەو جۆرە بێئەدەبیی و سوکایەتیکردنانەیە کە بە ھیچ شێوەیەک ناچێتە قاڵبی ئازادیی ڕادەربڕینەوە، ناچێتە چوارچێوەی مافی ئازادیی ویژدان و بیرکردنەوەوە، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەو دەیڵێت بێئەدەبیکردن و ئیھانەکردنێکی گەورەی بەشێکی زۆری ئەندامانی کۆمەڵگای ئێمەیە. ئەچێتە قاڵبی کەسایەتی شکاندن و ئابڕوبردنی سەدان ھەزار، ئەگەر نەڵێین چەند ملیۆن، مرۆڤی کۆمەڵگای ئێمەوە، کە بڕێکی زۆر لەو موسڵمانانەش دەگرێتەوە کە سەر بەو ئاڕاستە سەلەفییە ترسناکە نین کە مەلا ھەڵۆ و ھاوڕێکانی نوێنەرایەتی دەکەن. ئەوەی کەسێک ملیۆنان مرۆڤی دونیای ئێمە بە گەواد ناوبنێت، سەدان ھەزار باوک و ھاوسەر و برا بۆ ئاستی گەوادیکردن بە ھاوسەر و خوشک و کچ و دایکیانەوە دابەزاندبێت، لە دەرەوەی ھەر سنوورێکی قبووڵکردن و لێبوردندایە. لەسەرێکی دیکەوە ئەمەی مەلا ھەڵۆ دەیڵێت تەنھا ڕایەکی شەخسیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئاراستەیەکی دینیی سەلەفیی و بەشێکە لە ئایدیۆلۆژیا و پرۆژەیەکی سیاسیی کە زۆرینەی کۆمەڵگای ئێمە وەک کافر و مونافیق و گەواد و سۆزانی وێنادەکات. لە پشتی ئەم جۆرە قسەکردنەوە ستراتیژیەتی گەشەدان بەو دیدە سەلەفییە ئامادەیە، کە ھەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئاشتیی و ئارامیی کۆمەڵایەتیی و لەسەر بەھاکانی دراوسێیەتیی و بەدەم یەکەوەچوون و ھاریکاریی. ئەم پرۆژە دینییە پرۆژەی بەرھەمھێنانی ڕق و سوکایەتیکردنێکی بەردەوامی ئەم بەشی کۆمەڵگایە بەو بەشی تری. ھەڕەشەیەکی بنەڕەتییە لە لێکتێگەیشتنی دینیی و نادینیی و لێبوردەیی ئینسانەکان لەیەکتری. مەلا ھەڵۆ بەشێکە لە دیاردەیەکی گەورەتر، دیاردەی لەدایکبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی دینیی بێئەدەب، یان بێئەدەبیەک کە بەناوی دینەوە ئامادەیە، ئەمانە تەنانەت سڵ لە پەلاماردنی ئەو دیندارانەش ناکەنەوە کە لەخۆیان ناچن، چ جای ئەوانەی لە دەرەوەی دیندا بیردەکەنەوە و دەژین.

یەکێک لە سێنتەرە سەرەکییەکانی فیکری مەلا ھەڵۆ و ھاوبیرەکانی ئیھانەکردن و سوکایەتییەکی بەردەوامە بە ژنان، نمایشکردنیانە وەک بوونەوەری ترسناک و نووقسان و شەرمھێن و حەیابەر. بچووکردنەوەی ژن و دابڕینی لەوەی بوونەوەرێکی خاوەن عەقڵ و بیرکردنەوە و ئیرادە و خواست و ھەڵبژاردنی خۆی بێت، چەقی بیرکردنەوەی ئەمانەیە بەرامبەر بە نیوەی کۆمەڵگا. لەبەر ئەم ھۆیانە ئێمە پێمانوایە ئەم جۆرە کەسایەتیی و ئەم جۆرە گوتارە، پێویستیان بە لێپرسینەوەی یاسایی ھەیە و نابێت ئەم فۆرمە لە بێئەدەبیی بگاتە ئەو ئاستەی سەرجەمی ئەو سنوورە سادانە ببەزێنێت کە دیالۆگ و ڕاگۆڕکێ و گفتگۆ لە کۆمەڵگایەکەدا مەیسەردەکەن، کە ھاریکاریی و بەدەمەوەچوونی کۆمەڵایەتیی پەکبخات.

لە کۆتایشدا جارێکی دیکە دەیڵێینەوە ئەوەی ئێمە داوای دەکەین زیادکردن و گەورەکردنی ڕووبەری سانسۆر نییە لە کۆمەڵگاکەدا، ھەروەھا دروستکردنی دۆخێک نییە بۆ گەشەکردنی سانسۆری ناوەکیی و خودیی. ئەوەی ئێمە بەرگریی لێدەکەین ڕێگرتنە لەو ئیھانە گەورانەی کەسانێکی بێئەدەب، لەپاڵ تێگەیشتنێکی خراپ و ترسناکدا بۆ دین، ئەنجامیئەدەن و بەمەش ڕێ لە سادەترین فۆرمەکانی ڕاگۆڕکێ و گفتوگۆ و ھاریکاریی کۆمەڵایەتیی، دەگرن.

کاتی ئەوە ھاتووە لێگەڕێن مرۆڤ ئیمان و دینداربوونی خۆی بەوجۆرە بژیی کە خۆی دەیەوێت، نەک مەلایەکی ێئەدەبی وەک مەلا ھەڵۆ بۆی دەستنیشانبکات دین چییە و دینداریی چ جۆرە پەیوەندییەکە.

مەریوان وریا قانع
ئاراس فەتاح
سارا عومەر- نووسەرو چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ
چۆمان هەردی
هۆشەنگ وەزیری
ئارام عەلی
سارا قادر
سەردار محەممەد
هیوا فایەق
کاوە محەممەد
هیوا قادر
ریبین هەردی
جەمال حسێن
شوان محەممەد
ئارام سەعید
خالید سلێمان
شوان حەمە
سیروان غەریب
زانکۆ ئەحمەد
فەرمان رەشاد
ئاسۆس هەردی
پەروا عەلی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×