نێچیرڤان بارزانی: پێویستە هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق بمێننەوە
  2020-01-23       1045       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، روداوەكانی عێراق كاریگەریان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان هەیەو بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقیش بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان بە بڕیارێكی "نادروست" ناودەبات و بەپێویستیشی دەزانێت هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق بمێننەوە.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی پانێڵێكدا لە كۆڕبەندی ئابوریی جیهان لە داڤۆس سەبارەت بە ئاڵۆزی و پشێوییە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق قسەی كرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری ئایا دەکرێت هەرێمی کوردستان خۆی بەدوربگرێت لەو دۆخەی لە عێراق هەیە و خۆی جیا بکاتەوە؟ ئاماژەی بەوە کرد، روداوەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لە عێراق جیابکاتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی عێراق رایگەیاند، نەوەی ئێستای عێراق ماندوبوە لە حکومڕانییەکی 16 بۆ 17 ساڵە کە ناتوانێ پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکەن، بۆیە داوای ژیانێکی باشتردەکەن.

وتیشی: چوار ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌و نه‌وه‌یه‌ به‌شداری له‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی ده‌رده‌چێت، به‌ ویستی ئه‌وان نییه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، ره‌وشی عێراق جیاوازه‌ له‌ قۆناغی پێش ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كان له‌ یه‌كی ئۆكتۆبه‌ردا و ئێستا ره‌وشێكی دیكه‌یه‌ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی پێشتر.

لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە گرژییەکانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی"هەمو هەوڵی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە دۆخی عێراق ئارام ببێتەوە و لەگەڵ بەغداش هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دەرچوون لەو کێشەیە".
 
 سەبارەت بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، نێچیرڤان بارزانی وتی، ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق کرا کارێکی دروست نەبو، سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریزم لە عێراق مەترسییەکی جیدییە و عێراق پێویستی بە یارمەتیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا هەیە و پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە. 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×