جیمس جێفری: ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ رێككەوتن لەبارەی هێزەكانمان لەو وڵاتە
  2020-01-23       895       

جیمس جێفری، نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریاو نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، رایگەیاند، پابەندنابن بە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرچونی هێزە بیانییەكان لەو وڵاتەو رێككەوتنیان لەسەر پرسی هێزەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق بوە.

ئاوێنە: جیمس جیفری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"ناكرێت پابەندبین بە داواكارییەكەی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە تا حكومەتێكی عێراقی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە نەیەتە سەركار."

ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراقی بۆ رێككەوتن لەسەر دۆخی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق دەربڕی.

رونیشیكردەوە كە ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەئێستادا لەعێراق وەستاون، لەگەڵ ئەوەش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زانیاریی لەگەڵ عێراقییەكان سەبارەت بە روبەڕوبونەوەی داعش ئاڵۆگۆڕ دەكات.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە رێككەوتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ مانەوەی هێزەكانیانە تا سەركەوتن بەسەر داعشدا و جەختیشی كردەوە، هەوڵەكانیان لە شەڕكردن لەگەڵ داعش دەبێت بەردەوام بن و هیچ سازشێك لە شەڕكردن لەگەڵ داعش ناكەن. ئەوەشی وت"بەتێپەڕبونی كات، ئاشكرایە ئەگەری پاشەكشەكردنی هەوڵەكانمان دژ بە داعش هەیە ئەگەر نەتوانین ئەو ئەركانە ئەنجام بدەین كە تا بەر لە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بەشێوەیەكی كارا ئەنجاممان دەدان."

ئاماژەی بەوەشدا كە لەدوای هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق، تا ئێستا روبەڕوی 11 هێرش بونەتەوە لەو وڵاتە.

ئەوەشی خستەڕو کە لە کوردستان هێزەکانی ئەمەریکا پارێزراوترن بە بەروارد بە شوێنەکانی تری عێراق و بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانان ناوچەی ئارام بوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە چالاكی داعش لە پارێزگەکانی دیالە و کەرکوک زیاد بوە.

وتیشی"گرنگە بەلامانەوە حكومەتێكی عێراقی نوێ ملكەچ بۆ ئێران نەیەتە سەر كار و ئەو دۆسییە تەنها كاری عێراقییەكانە."

رونیشیكردەوە"لە شەقام جوڵەیەك هەیەو دەبێت عێراقییەكان خۆیان بڕیاری هەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ حكومەت بدەن و ئەمریكا هیچ دەستوەرناداتە كاروباری عێراق."

وتیشی"تاوتوێكردنی پرسی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق كارێكە تەنها پەیوەندی بە عێراقییەكانەوە هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×