سەدر داوای داخستنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەعێراق دەكات
  2020-01-24       991       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەستپێشخەرییەكی سەبارەت بە چونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا خستەڕو و رایگەیاند، دەبێت بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەعێراق دابخرێن و ئاسمانی عێراقیش بەڕوی فڕۆكە جەنگی و هەواڵگرییەكانی ئەو وڵاتەدا دابخرێت.

ئاوێنە: سەدر، ئەمڕۆ هەینی، لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانی لایەنگیرانیدا لەبەغدا دژ بە بونی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، دەستپێشخەرییەكی لەوبارەیەوە راگەیاند.

لە دەستپێشخەرییەكەیدا كە ئەمریكای بە داگیركەر ناوبردوە، سەدر هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی عێراق لە شەڕێكی دیكەوە لەگەڵ داگیركەر نەگلێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هەمو رێگەیەكی ئاشتیانە، سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و كلتوری و میلی دەگرێنەبەر، بۆ بەدیهاتنی داخوازییەكانمان و ئامانجی سەرەكیمان دانانی وادەیەكە بۆ چونە دەرەوەی هێزە داگیركەرەكان.

بەبڕوای سەدر دەرچونی هێزە داگیركەرەكان نایەتەدی ئەگەر تەواوی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەعێراق و بارەگاكانی كۆمپانیا ئەمنییە ئەمریكییەكان دانەخرێن و كۆتایی بەكاركردنیان نەهێنرێت و هەروەها ئاسمانی عێراق بەڕوی فڕۆكە جەنگی و هەواڵگرییەكانی داگیركەردا دانەخرێت.

هەروەك سەدر هەڵوەشاندنەوەی تەواوی رێككەوتنە ئەمنییەكانی لەگەڵ داگیركەر بە مەرجێكی دیكە زانیوە بۆ هاتنەدی دەرچونی هێزە داگیركەرەكان لەعێراق چونكە بەبڕوای رێككەوتنامەی ئەمنی هاوسەنگی نێودەوڵەتی تێدا نییە و لەسایەی بونی داگیركەردا بڕیاری لێدراوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت سەرجەم وڵاتانی دراوسێ دەست لە مامەڵەی ئێمە لەگەڵ داگیركەر وەرنەدەن ئەگەر مایەوەو رەتیكردەوە هێزەكانی بباتە دەرەوە.

سەدر وتویەتی، ئەگەر ئەمریكا ئەمانەی كرد ئەوا وەك دەوڵەتێكی داگیركەر مامەڵەی لەگەڵدا ناكەین، ئەگەرنا ئەوا وڵاتێكی دوژمنی عێراقە ئەگەر پابەندی مەرجەكان و وادەی دیاریكراو نەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×