٢٧ی دیسەمبەر لەکەیوان: لە پاڵ بۆردومانەکانەوە هەڵەی وەرگێڕانیش رویدا
  2020-01-24       3270       


کامیل محەمەد قەرەداخی 



   ڕوداوەکەی ڕۆژی ٢٧ی دیسەمبەر لەپارێزگای کەرکوک و لە سنووری سەربازگەی کەیوان، جگە لە کوژرانی کەسێک و شێواندنی هەلومەرجی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە، هەڵەیەکی وەرگێڕان و زمانەوانییش ڕوویدا لە ناساندنی ئەو کەسە عیراقییە ئەمریکییەدا کە بە هۆی بۆردومانەکەوە کوژرا.
ئەو کەسە ناوی نەورەس عادل ە و گەنجە و لەدایکبووی ساڵانی هەشتاکانە، گرێبەستی وەرگێڕانی زمانەوانیی لەگەڵ سوپا و کۆمپانیایەکی ئەمریکیدا هەیە وهەر بە ئەو بۆنەیەشەوە لە عیراق بوە و لە کاتی بۆردومانەکەدا لە ناو بنکەی کەیواندا بوە و پێکراوە. بونی نەورەس عادل لە ئەو بنکەیەدا بوونێکە کە لە ئەو ئاستەدا نییە کە خۆی کارمەندی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکی بێت، بەڵکو گرێبەستی کارکردنی لەگەڵیاندا هەبوە.
بەڵام کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسی کوژرانەکەی کرا گوترا مقاولێکی پیربوە و کوژراوە، ئەمە بە ڕوونی دیارە کە هەڵەی وەرگێڕان لە مەسەلەکەدا هەیە و بەوشێووەیە ناونیشانی نەورەسی گۆڕیوە. وادیارە بۆ گرێبەستەکەی ئەو گوتراوە (کۆنتراکت)ی هەبوە، لەوەدەچێت تەنها وشەی کۆنتراکتەکە وا لێکدراوەتەوە کە ئەو کەسە قۆنتەرات چی و مقاول بوبێت. بەڵام دواتر ئەمە لە کەناڵێکی کوردییەوە ڕاست کرایەوەو گوترا کە ئەو کەسە وەرگێڕی زمانەوانی بوە.
هەڵەیەکی تری وەرگێڕان لە لایەن حکومەتی عیراقییەوە کراو دوواییش سەرەکوەزیرانی کار بەڕێکەر ناچاربوو بەڕەسمی ددان بەوەدا بنێت کە ئەوە دەزگاکانی ئەوان بوون بە هەڵە وەرگێڕانیان بۆ پەیامێکی کەسی بەرپرس و سەرکردەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی سەوزی بەغداد کردبوو، ئەو شەوە ئەو فەرماندە ئەمریکییە بە نامەیەک بە لایەنی عیراقیی ناو لیژنەی تەنسیقی نێوانی هەردوولای گوتبوو کە ئەمشەو بە هۆی هاتوچۆپێکردن و شوێنگۆڕکێی هەندێک لە هێزەکانمانەوە جموجوڵی فڕۆکەی سەربازیمان زۆر دەبێت و تا درەنگ فڕۆکەکانمان هاتوچۆیان دەبێت، بۆیە دەبێت ئێوەش ئاگاداربن. بەڵام کە ئەم پەیامە تەرجەمە کرابوو بۆ عەرەبی وا لێکدرابۆوە کە هێزەکانی ئەمریکا پاشەکشە دەکەن لە عیراق، بەڵام بۆ پاشەکشەکردن کاتی زۆریان دەوێت و دەبێت فڕۆکەی زۆر هاتوچۆ پێبکەن. چونکە هەر ئەو ڕۆژە پەرلەمانی عیراق (تەنها لایەنی شیعەکان) دەنگیان لەسەر ئەوە دابوو کە دەبێت هێزەکانی ئەمریکا عیراق بەجێبهێڵن.
بۆیە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هەر زوو هاتە وەڵام لە ئەو مەسەلەیە و ڕاستکردنەوەی خۆیی بۆکرد و گوتی ئێمە بە هیچ شێوەیەک باسی پاشەکشەمان نەکردوە و نایکەین.
ئەم جارە و لە ناو عیراقدا هەڵەی وەرگێڕان بە زەقی کەوتە پێش چاو. بە هەرشێوە و دیدگایەک سەیری مەسەلەی وەرگێڕان و ئاڵوگۆڕە زمانەوانییەکان بکەین ئەوە شتێکی ئاساییە کە هەڵە ڕوبدات، چونکە مەودای زمان فراوانە و زمانیش بیرکاری نییە هەموکاتێک یەک و یەک کۆبکەیتەوە ئەنجامەکەی بکاتە دوو. زمان هەمیشە کایەیەکی کۆمەڵایەتییە و بەپێی ڕێک کەوتنی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنان مانا بۆ دەربڕینەکان دروست دەبێت و زۆر ئاساییە لە ناو یەک کۆمەڵگەدا دوو ناوەند یان دوو ناوچەی جیاواز دوو مانای جیاواز یان زیاتر بە تەنها یەک دەربڕین و وشەی تری زمانێکی تری دەرەوەی زمانی خۆیان ببەخشن. بۆیە دەکرێت من وشەیەکی زمانێکی بێگانە بە مانایەک وەربگرم کە تۆی زمانزانیش هەر لە زمانی کوردیدا بە مانایەکی جیاواز و دوور لە ماناکەی من وەربگریت. ئەو دەمە چۆن دەکرێت کە هەردووکمان هەڵەبین ئاواش دەگونجێت کە هەردووکیشمان ڕاست بین.بەڵام ئەو وەرگێڕانانەی کە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجام دەدرێن زۆر هەستەوەرن، لە هەر شوێنێکی تر شیانی ڕوداانی هەڵە گریمانێکی بۆ مابێتەوە، ڕودانی هەڵە لێرەدا قورس دەکەوێتەوە و ڕەنگە ئەنجامەکانی زۆر خراپ بکەونەوە و دوواییش قابیلی چاککردنەوە نەبن.
لە دنیای ئێستادا کە زیاتر لە شەش هەزار زمان هەن و قسەیان پێدەکرێت، وەرگێڕان ئەو توانایەی هەیە، کە وەک مەسەلەیەکی زۆر زیندوو بمێنێتەوەو پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات. دەکرێت لە ناو ئەو زمانانەدا کە ئێستا زیندون هەندێک زمان هەبن کە ڕەهەندەکانی مانەوەی خۆیان لەدەست بدەن و ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانە نەمێنن کە قسەی پێبکەن. بەڵام ئەم یاسای لەناوچونە وەرگێڕان ناگرێتەوە، کەواتە وەرگێڕان جیاواز لە زمانەکان پانتایی و ڕەهەندی بە زیندومانەوەی لە زۆربەی زمانەکان زیاترە. تەنها ئەوکاتە وەگێڕان زەرورەتی مانەوەی خۆی لە دەست دەدات، کە هەموو دنیا بە یەک زمان قسەبکەن. ئەمەش گریمانەیەکی زۆر دوورەدەستە.
تێکەڵبوون و پەیوەندیکردن، ئایدیۆلۆژیاکان، ئاینەکان، یاساکان، دانوستانی سیاسی، سەردان، مامەڵە بازرگانییەکان، ڕۆشنبیری و خوێندنەوە، ڕۆژنامەگەری و هەواڵسازی... هتد هەموویان لە ئەو بوارانەن کە ڕۆژانە پێویستیان بە کاری وەرگێڕان دەبێت. ئەم فراوانییە لە زەرورەتی پشت بەستن بە وەرگێڕاندا وای کردوە کە زۆر کەس دەست بۆ چالاکیی وەرگێڕان ببەن، بۆیە مەرجیش نییە هەموو کەس ئەو سەلیقە باشەی هەبێت کە بتوانێت وەرگێڕانی ڕاست و دروست پێشکەش بکات. لە مێژوودا نمونەی زۆری ئەو وەرگێڕانانە هەن کە هەڵەی گەورەیان بەسەردا تێپەڕبوە، یان کارەساتیان ناوەتەوە، لەبەرئەوە دەتوانین وەک هەڵەی مێژوویی سەیریان بکەین، وەک ئەو وەرگێڕانە هەڵەیەی کە بە هۆیەوە کارەساتی هیرۆشیما و ناگاساکی ڕویاندا، یان ئەو وەرگێڕانەی کە وای کرد حەزرەتی مووسا لە ناو هونەری پەیکەرتاشیی ئیتالیدا شاخی بۆ دروست بکرێت.

 


با سەیری مەسەلەی وەرگێڕانی ئینجیلی ڤولگەیت یان ئینجیلی یۆنانی بکەین:  
    لە پاش بڵاوبونەوەی ئاینی مەسیحی سەدان جار ئینجیلە لاتینییەکە تەرجەمە کراوەتە سەر زمانەکانی تری دنیا. ئەوە لە ژمارە نایەت کە لە مێژودا چەند جار وەرگێڕان بۆ ئەم ئینجیلە کراوە. بە هۆی ئەو ڕاڤە و تێگەشتنە جیاوازانەی کە دەربارەی ئەم ئینجیلە هەبوون چەندان شەڕی داگیرکاری و جەنگی سەلیببی بەرپا کراون، دیارە کە هەر بە هۆی ئەم کتێبەوە کاری خێرخوازی و بەخشینی زۆریش کراون. لەوانەیە گرنگترین وەرگێڕان کە بۆ ئەم ئینجیلە کرابێت ئەوەبێت کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٣٨٢ ی زاینی. لەم ساڵەدا پاپا داماسووسی یەکەم قەشە جیرۆمی ڕاسپارد کە هەردوو پەیمانی کۆن و نوێ لە زمانە لاتینییە کۆنە یۆنانییەکەو زمانی عیبرییەوە تەرجەمە بکات. ئەویش کە وەرگێڕانەکەی تەواو کرد کتێبە وەرگێڕدراوەکەی ناونا ڤوڵگەیت. لە پاش ئەو وەرگێڕانەوە بۆ ماوەی سەدان ساڵ مەسیحییەکان ئەو ئینجیلەی ئەویان لەپێشچاو گرت.
ئەو وەرگێڕانەی جیرۆم چەند شتێکی بەسەردا تێپەڕ بوبو ، وەک ئەوەی لەباسی دە دانە ئامۆژگارییەکەی مووسادا و لە زمانی عیبریدا وشەی (کاران)ی هاتۆتە پێش، ئەویش کە وەریگێڕاوە بۆ سەر لاتینی کردوویەتی بە (کۆرنوتۆ) کە لە زمانی لاتینی و ئیتالیدا مانای (شاخدار)دەدات و لەسەر ئاستی میللیی خەڵکیش کۆرنوتۆ جوێنێکی سووکە. بەڵام وشەی کارانی عیبری واتە (پرشنگدار) یان (نووردانەوە) بۆیە ئیتر تا سەردەمانێکی زۆر بە هۆی ئەو تەرجەمەیەوە خەڵک وایان زانیوە کە مووسا شاخی هەبوە. لە ناو هونەری پەیکەرتاشیی ئیتالیشدا لە زۆر شوێن پەیکەری مووسا دەردەکەوێت کە شاخی هەیە، ئەمەش بەهۆی هەڵەی تەرجەمەوە ڕویداوە.

 


ئایا خروشێڤ هەڕەشەی لە ڕۆژئاواکردوە؟
  پێدەچێت کە نیکیتا خرۆشیڤی کەسێتیی یەکەمی ڕوسیا زمانزانێکی باش نەبوبێت. لە ساڵی ١٩٥٦ دا کە شەڕی سارد لە لوتکەدا بوو، نیکیتا خرۆشیڤ هەر بە نیازی گوتن و دەربڕینی پەندێکی ڕەسەنی وڵاتەکەی خۆیەوە، کە بۆ نیازی باش بەکاردێت، بە هەندێک دیپلۆماتی ڕۆژئاوایی گوتبوو (بەشداریی پرسەتان دەکەین- یان ئێمە دێین دەتاننێژین)  کە ئەمە پەندێکی ڕووسییە کە بە مانای ئەوە دێت دڵسۆزتان دەبین. بەڵام لەبریی گوتنی پەندەکە بەوشێوەیەی کە پێویستە بگوترێت گوتبووی (ئێمە دێین دەتاننێژین) و ڕۆژئاواش ئەمەی بە هەڕەشە وەرگرت. لە ساڵی ١٩٦٣ دا دیسانەوە خروشێڤ لە گوتارێکی تریدا بە ڕۆژئاواییەکانی گوتبوو (بێگومان ئێمە نایەین بە خاکەناز بتانکەین بە ژێر خۆڵەوە، کرێکاری خۆتان دەتاننێژن) بەڵام دیسانەوە مەسەلەکەی شێواندبوو. 

 


ئیتر ئەمریکا بۆمبەکانی بەردایەوە
لە پاش بۆردومانکردنی هەردوو شاری هیروشیما و ناگاساکیی ژاپۆنەوە بە بۆمبی ئەتۆمی و تا ێستاش ئەمریکا بەهانەی ئەوە دەهێنێتەوە کە ژاپۆن ئامادە نەبوە خۆی بەدەستەوە بدات و ئەمیش ویستویەتی زوو ئەو شەڕە بار قورسە تەواو ببێت. بەڵام پرسیارەکە لەوێدا درووست دەبێت کا ئایا بەڕاستی ژاپۆن نەیویستوە خۆی بەدەستەوە بدات؟
لە دیدارێکی پێش بۆردومانەکاندا ڕۆژنامەنوسان لە (کانتارا سوزوکی)ی وەزیری یەکەمی ژاپۆن دەپرسن(هاوپەیمانان داوای خۆبەدەستەوەدانیان لە ژاپۆن کردوە، ئێوە دەڵێن چی؟) سوزوکییش بە یەک ووشە وەڵامی داوەتەوەو گوتویەتی (مۆکوساتسو) ئەو کاتە ئەم یەک وشەیە وا تەرجەمەکراوە کە گوتراوە (ئەوە شایانی ئەوە نییە کۆمێنتم لەسەری هەبێت) لە کاتێکدا کە دەبو بۆ تەرجەمەکردنی بگووترێت (کۆمێنتم نییە) لەبەرئەوەی جارێ حکومەتی ژاپۆنی لەوڕوەوە قەناعەت و بڕیاری خۆیی لەلا گەڵاڵە نەبوبو. بۆیە پاش دە ڕۆژ دوای ئەو لێدوانە یەک وشەییە پەلامارە ئەتۆمییەکە ڕوویدا.  چونکە لە پاش ئەو دە ڕۆژەوە ئیتر ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بڕیاری بۆردومانەکەیان دەرکرد.

 


لەسەر مەریخ ئەستێڵ و بەنداو هەیە؟
زانایەکی ئەستێرەناسی ئیتالی هەیە ناوی (جیۆڤانی ڤیرجینیۆ شیاپارێللی)یە، لە ساڵی ١٨٧٧ داهاتوە نەخشەیەکی بۆ ئەستێرەی مەریخ دروستکردوە و لە کاتی ڕونکردنەوەیدا گوتویەتی ئەوانە شوێنەواری دەریاو کیشوەر و کەناڵ و کۆردەرەن. لە ناوهێنانی ئەم شتانەدا گوتویەتی (کانالی) پاشان ئەو کەسانەی کە بە زمانی ئینگلیزی وێژە و ئەدەبیاتی خەیاڵی زانستیی دەنووسن والە وشەی کانالی تێگەشتوون کە مانای جۆگا و ئاوەڕۆی دەستکردی مرۆڤ بدات، بۆیە ئەمە بە ئەو مانایە لێکدراوەتەو کە ئەستێرەی مەریخ نەک تەنها ژیان بەڵکو شارستانیەتیشی تێدایە، ئەو شارستانیەتەی کە دەتوانێت پرد و بەنداو و ئاوەڕۆ دروست بکات. بۆیە پاش ئەم خراپ تێگەیشتنە بە ئەو خەیاڵەوە کە شارستیەتێكی پێشکەوتووی تر لەسەر مەریخ بوونی هەبێت (ئێچ جی وێڵز) هات (شەڕی جیهانەکان)ی نووسی و (ئێدگار ڕایز بۆرە)ش (شازادەی مەریخ)ی نووسی.

 


وشەی کەنگەر بە مانای (نازانم) نایەت!
لە زۆربەی دنیادا ئەو ڕوانینە بڵاوە، کە ناوی کەنگاروو لە وشەیەکەوە هاتوە، کە ئەو دەمەی ئەوروپییەکان گەشتوونەتە ئوسترالیا پرسیاری ئەو گیانەلەبەرەیان کردوەو کەسی وەرگێڕیش بە زمانی ناوخۆی ناوچەکە گوتویەتی کەنگاروو، بە مانای ئەوەی نازانم ناوەکەی چیە. بەڵام ئەمە هەڵەیەکی باوە لەبارەی ئەم ناوەوە. خاتوو لیزا لیم وەک کەسێکی ڕەسەنی ئوسترالی، لە گۆڤاری پۆست مەگەزندا گوتارێکی لەم بارەیەوە نوسیوە و ئەو دەڵێت کە ئەو ڕوانینە باوەهەڵەیە و کەنگاروو بەپێی جۆرەکان ناوی جیای هەیەو ئەو جۆرەیان کە ڕەشباوە لەلای خەڵکە ڕەسەنەکەش هەر بە ئەو ناوەوە ناسراوە، بۆیە کەواتە ناوەکە نوێ نییە. بەڵام ئەو ڕوانینە لەبارەیەوە هەڵەیە کە دەدرێتە پاڵ وەرگێڕانەکەی.

 

[1] سود لە گوتارێکی ڕیچارد بروکس بیندراوە بۆ وەرگرتنی هەندێک زانیاری

[1] Мы вас похороним!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×