مەسرور بارزانی: پێویستە لە ناوچە جێناكۆكەكان هەماهەنگی باشتر هەبێت لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق
  2020-01-25       569       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، پێویستە هەماهەنگییەكی باشتر لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسی داعش بەتایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢٥/١/٢٠٢٠ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نەجاح ئەلشەمەری وەزیری بەرگری عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا ، دوا پەرەسەندن و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق تاوتوێ کران و جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە کرایەوە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە تیرۆریستانی داعش ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق بونەتە مایەی هەڕەشەی جیددی بۆ سەر دانیشتوان و پێویستە هەماهەنگییەکی باشتر لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەبێت و بە شێوەیەکی هاوبەش روبەڕوی ئەو مەترسییانە ببنەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.

وەزیری بەرگری عێراقیش وێڕای ستایشکردنی هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگری عێراق کە رۆڵێکی کاریگەری لە تێکشکاندنی داعشدا هەبوە ، ئامادەییشی بۆ هەماهەنگی زیاتر لەم بوارەدا دەربڕی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×