بەرهەم ساڵح كۆتایی بە گەشتەكەی بۆ ئیتالیا هێناو بەرەو عێراق گەڕایەوە
  2020-01-25       546       

سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق دوای سەردانە كورتخایەنەكەی بۆ ئیتالیا ئەو وڵاتەی جێهێشتوەو بەرەو عێراق گەڕایەوە.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ شەممە لە رۆما چاوی كەوتوە بە سێرجۆ ماتاریلا، سەرۆكی ئیتالیاو لەدیدارێكدا دۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كردوە.

هەروەها لەدیدارەكەدا تاوتوێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان بۆ كۆتاییهێنان بە بونی هێزە بیانییەكان لەو وڵاتە كردوەو جەختیان لە پێویستی پشتیوانیكردنی سەقامگیری عێراق و رێزگرتن لە سەروەری و بڕیارە نیشتمانییەكەی كردۆتەوە.

لای خۆیشییەوە سەرۆكی ئیتاڵیا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەروەری و سەقامگیری عێراق دوپاتكردۆتەوەو پەرۆشی خۆیشی بۆ زیاتركردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ هێنانەدی ئاشتی و رێگرتن لە گرژییەكان لەناوچەكە دوپاتكردۆتەوە.

بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی كۆمار وتویەتی، بەرهەم ساڵح دوای كۆتاییهێنان بە سەردانە كورتخایەنەكەی بۆ ئیتالیا كە لەمیانیدا چاوی بە پاپای ڤاتیكان و گەورە بەرپرسانی ئیتالیا كەوت، ئەو وڵاتەی بەجێهێشتوەو بەرەو عێراق گەڕاوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×