موقتەدا سەدر سوپاسی خۆی ئاراستەی خۆپیشاندەرانی دژ بە هێزەكانی ئەمریكای كرد
  2020-01-25       569       

پاش خۆپیشاندانە ملیۆنیەكەی بەغداد، سەرۆكی رەوتی سەدر و كوتلەی سائیرون بە راگەیەندراوێك سوپاسی خۆی ئاراستەی لایەنگران و خۆپیشاندەرانی دژ بە هێزەكانی ئەمریكای كرد و لە بەشێكی دیكەشدا رایگەیاند "چیدی خۆی بەدوردەگرێت لە كاروباری خۆپیشاندەرانی مەیدانەكانی تەحریر".

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر لە عێراق لە راگەیەندراوێكیدا سوپاسی خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی كرد كە دژ بە مانەوەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە عێراق دروشمیان بەرزكردەوە و رایگەیاند "دڵی ئێمەتان هێوركردەەوە، سەرتان بەرزكردینەوە و هیواكانتان بەدیهێناین و دوژمنتان بوغزاند” نزاشی كردوە یەزدان بە كاری خێر بۆیان هەژماربكات".

سەدر سەبارەت بە خۆپیشانجەرانی مەیدانی تەحریر ئاماژەی بەوەكردوە "بەداخەوەم بۆ خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر و مەیدانەكانی پارێزگاكانی دیكە كە گومانیان پێبردم، كە من پاش خودا پشتیوانیان بوم و ئەوانیشم بە پشتیوانی خۆم و عێراق دەزانی، بەكرێگیراوەكانی هەژمونی دەرەكیان بەلاوە گرنگتربو، لای یەزدان سكاڵایان لێدەكەم".

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لەمەودا هەوڵدەدەم نە بە ئەرێنی و نە بە نەرێنی كارم بەسەریانەوە نەبێت و تا كار لەسەر داهاتوی عێراق بكەن كە ئێستا لە مەترسییەكی گەورەدایە و لە ناوخۆ و دەرەوەدا بێبەزەییانە زەفەری پێدەبرێت".

هاوكات توڕەییی خۆی دەربڕیوە و نوسویەتی "توڕەیی و بێبەریبونی خۆم رادەگەیەنم لە هەر سیاسیەك هەوڵدەدات رێكارەكانی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و سەربەخۆ و خاوەن سەروەری نیشتیمانی و پاك و بێگەرد پەكبخات، چونكە ئەوانە خوێندكاری دەسەڵات و پارەن و منیش تەنها ئەویندارێكی نیشتمان و گەلەكەمم، دەسەڵاتم ناوێت و داوای پارە ناكەم و هێندەی خۆشەویستیم بۆ شەهیدبون دنیام خۆشناوێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×