2020-01-26   918     
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، خاڵە سنوریەکان بونەتە ناوەندێک بۆ قاچاخچێتی و قۆرخکاری و تەنها لە بەقاچاغ هێنانى جگەرەدا بۆ هەرێمى کوردستان، مانگانە (10) ملیۆن دۆلار قازانج دەکرێت.
ئاوێنە عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرایدەکات، "گەندەڵى لەسەرجەم خاڵە سنوریەکاندا ھەیە، ھەریەکە بە شێوازی جیاواز.
راشیدەگەیەنێت، "لە ئەنجامى بەدواداچونیان بۆ قاچاغچێتی جگەرە لە دەروازە سنوریەکانى ئیبراھیم خەلیل و سمێلکاوە تاوەکو باشماخ، خاڵە سنوریەکان بونەتە ناوەندێک بۆ قاچاخچێتی و قۆرخکاری و بە ملیۆنێرکردنی چەند بەرپرس و کەسێک".
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئەوە دەخاتەڕو، کە بەرپرسانی حکومەتی لەو دۆسیە مەترسیدارە ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام تائێستا بەردەوامە.
عەلی حەمەساڵح ئاماژە بە دوو نمونەى گەندەڵى دەکات و دەڵێت:یەکەم: ئەوەی لە خاڵی سنوری سمێلکا حوکمڕانە و بڕیاری بازرگانی دەدات چی بڕوات و چی بێت کۆمپانیای ستێرە، ئەم دۆسیەش بە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران وتراوە.
دوەم: ئێستا لە دەرەوەی گومرگی باشماخ، بە پشتبەستن بە ھێزی ئەمنی جگەرە بە قاچاخ دێت و بە ھیچ گومرگ و پشکنینێک تێناپەڕێت، قەبارەی ئەم قاچاغی جگەرەیە بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادیکردوەو (80%)ی جگەرە ئێستا بە قاچاغ و بە ھێزی ئەمنی داخڵ دەکرێت.