كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ: لە بەغداو زیقار 12 خۆپیشاندەر كوژراون
  2020-01-26       539       

كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لەعێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، لەمیانی گرژییەكانی خۆپیشاندانەكان لەم دو رۆژەی دواییدا، 12 خۆپیشاندەر لە بەغدای پایتەخت و پارێزگای زیقار كوژراون و هەروەها دەیان كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربون.

ئاوێنە: كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لەعێراق لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی زۆریی خۆی بەرامبەر روداوەكانی ئەم دو رۆژەی دوایی نیشاندا كە تێیدا ژمارەیەك كەس كوژراون و برینداربون و ئەوەشی بە پێشێلكردنێكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤ ناوبردوە.

كۆمسیۆنەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە كوژرانی 12 خۆپیشاندەریان لەماوەی ئەو دو رۆژەدا تۆماركردوە كە نۆیان لە بەغداو سێیان لە پارێزگای زیقار كوژراون.

ئاشكراشیكردوە كە 230 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربون كە 118یان لە بەغداو 78یان لە زیقارو 34 كەسیشیان لە پارێزگای بەسرە برینداربون.

هەروەك ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەو ماوەیەدا 89 حاڵەتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەرانیان لەهەردو پارێزگای بەغداو بەسرە تۆماركردوە.

كۆمسیۆنەكە داوای لە هەمو لایەنەكان كردوە كە هەر جۆرە توندوتیژییەك رابگرن و دان بە خۆپیاندا بگرن و بەڕێوەچونی ئاشتیانەی خۆپیشاندانەكان بپارێزن.

خۆپیشاندانەكانی بەغداو شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق كە نزیكەی چوار مانگە بەردەوامن لە دو رۆژی رابردودا توتدوتیژی زیاتریان بەخۆیانەوە بینی، كە وێڕای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكی حكومەت، خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و داگاییكردنی ئەوانەی دەستیان هەبوە لە كوشتنی خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×