یه‌كگرتو و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی: دەبێت حکومەتی هەرێم بودجەو موچەی فەرمانبەران مسۆگەر بكات
  2020-01-26       695       

ئەمڕۆ یەكشەممە، یەكگرتوی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان بەسەرۆكایەتی ئەمینداری گشتی یەكگرتو و رابەری گشتی بزوتنەوە كۆبونه‌وه‌و دوپاتیان کردەوە کە دەبێت حکومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی دانوستان لەگەڵ بەغدا بودجەو موچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکات.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتو، وەفدێكی باڵای یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان بەسەرۆكایەتی سەلاحەدین بەهادین سەردانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستانیان كرد و لەلایەن شێخ عیرفان عەبدولعەزیز ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پێشوازییان لێكرا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە جگە لە ڕابەری گشتی بزوتنەوە و ئەمینداری گشتی یەکگرتو بەرپرسانی باڵای هەردولاش لەسەر ئاستی دەستەی کارگێڕی و ئەنجومەنی جێبەجێکردن و ئەندامانی سەرکردایەتی بەشداریان لەکۆبونەوەکە کرد.

لە کۆبونەوەکەدا هەردو جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوەو لێکنزیکبونەوەی لایەنە ئیسلامییەکان وەک زەرورەتێکی حەتمی دانرا. 

لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا یەکگرتو و بزوتنەوە پرسی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک بە گرنگ زاندرا کە دەبێت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کاربۆ ئەم بابەتانە بکەن.

پرسی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێم یەکێکی تر بو لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەو بۆ ئەمەش دوپاتی ئەوەیان کردەوە کە دەبێت بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان لە رێگەی دانوستانی لێکتێگەیشتن مافەکانی کورد بەدەست بێنن و بودجەو موچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×