عادل عەبدولمەهدی: هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا زیان بە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات دەگەیەنێت
  2020-01-26       807       

عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ژمارەیەك موشەكی كاتیۆشا كەوتونەتە ناو حەرەمی باڵیۆزخانەی ئەمریكاو دەشڵێت، ئەو كردەوانە ئیدانەكراون و ئەو رەفتارە تاكلایەنانە دەبنە مایەی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات.

ئاوێنە: عادل عەبدولمەهدی، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"جارێكی تر هێرشكرایە سەر نوێنەرایەتییەكی دیپلۆماتی بیانی بە كەوتنەخوارەوەی ژمارەیەك موشەكی كاتیۆشا لەنێو حەرەمی باڵیۆزخانەی ئەمریكا."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمە بەداخین بۆ بەردەوامبونی ئەم كارە ئیدانەكراوانەی دەرەوەی یاسا كە دەبنە مایەی لاوازكردنی دەوڵەت و لە سەروەری وڵات و رێزی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكان لەسەر خاكەكەی دەدەن."

فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق وتوشیەتی"فەرمانمان كردوە بە هێزەكانمان بۆ گەڕان و پشكنین بەمەبەستی رێگەكردن لەدوبارەبونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژیانەو دەستگیركردنی ئەوانەی ئەنجامدەری بون بۆ ئەوەی لەبەردەم یاسادا سزای خۆیان وەربگرن."

عادل عەبدولمەهدی وتوشیەتی"بەردەوامی ئەم جۆرە رەفتارە تاكلایەنە نابەرپرسانە كە تەواوی وڵات لێكەوتە مەترسیدارەكانیان هەڵدەگرێت، دەبنە مایەی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و پەیوەندییەكانی لەگەڵ دۆستانی و رەنگە عێراقیش رابكشن بەرەو ئەوەی ببێتە گۆڕەپانێكی شەڕ، بەتایبەت لەكاتێكدا كە حكومەت دەستی كردوە بە گرتنەبەری رێكارەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كشانەوەی هێزە بیانییەكان لەعێراق."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، حكومەت جەخت دەكاتەوە كە پابەندە بە پاراستنی سەرجەم نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكان و گرتنەبەری سەرجەم رێكارە پێویستەكان بۆ بەدیهێنانی ئەمە بەپێی یاسا.

داواشی لە سەرجەم هێزە چاكەخوازەكان و هێزە بەرپرسیارەكان كردوە پشتیوانی لەحكومەت بكەن بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی عێراق و هەریەكەیان رۆڵی خۆیان بگێڕن لە راگرتنی ئەو جۆرە كردەوانەو ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانیاندا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×