2020-01-27   919     
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "لەسەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە بڕینی زیادەڕۆییەکانی سەر کارەبا دەکەن و بڕینی کارەبای زیادەڕۆش لە خەڵکانی دەست ڕۆشتوەوە دەستپێدەکەن".
ئاوێنە: فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا ڕایگەیاند، لە 2ی شوبات دەستدەکەن بە بڕینی زیادەڕۆییەکانی سەر کارەبا، بۆ ئەو مەبەستەش قسەیان لەگەڵ هەموو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان کردووە و لەو ڕێوشوێنانەی دەیگرنە بەر چاوپۆشی لەکەس ناکەن.
باسی لەوەشکرد، ئێستا %20ی کارەبای هەولێر دەدزرێت، بڕینی کارەبای زیادەڕۆ هەموو شوێنێک دەگرێتەوە و لەسەرەتاشدا لە خەڵکانی دەستڕۆشتووەوە دەستپێدەکەن.
سەبارەت بە مۆلیدە ئەهلییەکانیش وتی، 1 ی ئایار دوا وادەیە بۆ ئەوەی خاوەن مۆلیدەکان مۆلیدەی بێدەنگ دابنێن.
لەبارەی كێشەی كەمبوونەوەی رێژەی غازی ماڵان لە ھەولێر فرسەت سۆفی رایگەیاند: "ھیچ شتێك بەناوی قەیرانی غاز لە ھەولێر نییە، بەڵكو كێشەیەك ھەیە لە گواستنەوەی غاز لەنێوان دوو كۆمپانیا، بۆ ئەمەش جەخت لەو كۆمپانیایانە دەكەینەوە كە كێشەكەیان چارەسەر بكەن.