2020-01-27   1522     
شیرین ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنیەکان سوکایەتی زۆریان بە خۆپیشاندەرانی سەیدسادق کرد کە مایەی بێ دەنگبوون نیە".
ئاوێنە: شیرین ئەمین لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندەران سوکایەتی بە کەرامەتی کراوە و دڕندانە لەلایەن پیاوانی دەزگا ئەمنییەکانەوە پێڵاو خراوەتە نێو دەمییەوە ئەمە بەتەواوەتی دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە".
شیرین ئەمین باسی ئەوەشدەکات "ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دانیشتوانی قەزای سەیدسادق شاری « شەھید بڕیار » جارێکی تر ڕژانە سەرشەقام لەپێناو نەبوونی خزمەت گوزاری و داواکردنی مافی ڕەوایان .، مەخابن جارێکی تر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ھێرشی توند کرایە سەر خۆپیشاندەران".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان راشیگەیاندوە " پشتگیرو پشتیوانیمان بۆخۆپیشاندەران دەردەبڕین لە پێناو زامنکردنی مافی ڕەوایان وە لە ئاست ئەو ناعەدالەتی و بەرپاکردنی زوڵمە بێدەنگ نابین کە لە بەرامبەر خۆپیشاندەران بەرپا کراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دانیشتوانی قەزای سەیدسادق خۆپیشدانیان ئەنجامدا و بەوهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.