سبەی وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات
  2020-01-27       657       

بەپێی قسەی دیاری حسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك - گەرمیانی پارتی، سبەی وەفدێكی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بەمەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە چارەسەركردنی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.

ئاوێنە: دیاری حسێن، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاند، دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە هەمو رویەكەوە خراپە، بە تایبەت بۆ كورد، چونكە تەعریب بەردەوامە و ستەمێكی زۆر لە كورد دەكرێت، هەروەها بە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعشیشەوە، دۆخی ئەمنی زۆر تێكچوە، بۆیە پێویستە هەردو حكومەتی هەرێم و بەغدا چارەیەك بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە.

دیاری حسێن وتیشی، سبەی وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هەمان وەفدی پێشوی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لە چەند ئەندامێك پێكهاتوە، لەوانە ئومێد سەباح و خالید شوانی و چەند ئەندامێكی دیكە، سەردانی بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق بكەن.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك - گەرمیانی پارتی ئەوەشی خستەڕو، راستە حكومەتی عێراق كاربەڕێكەرە، بەڵام دادگاكان كاری خۆیان دەكەن و دەكرێ هەمو پرسەكان لە رێگەی دادگاوە یەكلابكرێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×