بزوتنەوەی تاڵیبان: فڕۆكەیەكی ئەمریكیمان لە ئەفغانستان خستۆتەخوارەوە
  2020-01-27       781       
چەند سەربازێكی سوپای ئەفغانستان ناوچەی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە دادەخەن

بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە فڕۆكەیەكی سەربازی ئەمریكیان لە هەرێمی "غەزنە" لەناوەڕاستی ئەفغانستان خستۆتە خوارەوەو لەئاكامدا سەرجەم ئەو سەربازانەی كە لە فڕۆكەكەدا بون كوژراون.

ئاوێنە: زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، فڕۆكەكە لە ئەركێكی سیخوڕیدا بوەو لە ناوچەی "دیەیاك" لە هەرێمی "غەزنە" لە ناوەڕاستی ئەفغانستان خراوەتە خوارەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە هەمو ئەوانەی لە فڕۆكەكەدا بون كوژراون كە لەنێویاندا ئەفسەری باڵای ئەمریكی هەن.

لای خۆیشییەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا رایگەیاند، بەرپرسانی سەربازی ئەمریكا لێكۆڵینەوە لە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە لە ئەفغانستان دەكەن.

پێشتر میدیاكان وا بڵاویان كردەوە كە فڕۆکەیەکى نەفەرهەڵگرى جۆرى (بۆیینگ 400-737) سەر بە هێڵى فڕۆکەوانى ئاریانا ئەفغان ئێرلاینس کە لە هەراتەوە بەرەو کابول بەڕێکەوتوە بە (83) سەرنشینەوە لە غەزنە ناوەڕاستى ئەفغانستان تێکشکاوە.

بەڵام دواتر هێڵی فڕۆكەوانی ئاریانا ئێرلاینس ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە فڕۆكەیەكی سەربە كۆمپانیاكەیان تێكشكابێت.

لای خۆیشیەوە حاكمی هەرێمی غەزنە، عارف نوری لەكاتی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەدا رایگەیاندبو، فڕۆكەیەك لە ناوچەی "دیەیاك" لە هەرێمی غەزنە تێكشكاوە بەڵام هێشتا نازانن فڕۆكەی مەدەنییە یاخود سەربازی.

هەروەها وتەبێژی پۆلیسی هەرێمەكەش باسی لە روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە كردبو بەڵام ئەویش جۆری فڕۆكەكەی دیاری نەكردبو.

روبەڕێكی بەرفراوان لە پێدەشتەكانی هەرێمی غەزنە لەژێر ركێفی چەكدارانی تاڵیباندایە ئەوەش وایكردوە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان بەسەختی بتوانن بگەنە شوێنەكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×