ئەمریكاو 15 وڵاتی ئەوروپی ئیدانەی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر خۆپیشاندەرانی عێراق دەكەن
  2020-01-27       454       

ئەمریكاو 15 وڵاتی ئەوروپی ئیدانەی بەكارهێنانی "هێزی كوشندە" لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و گروپە چەكدارەكانەوە دژبە خۆپیشاندەرانی عێراق دەكەن و داواش لە حكومەتی عێراق دەكەن رێز لە ئازادی گردبونەوەو ناڕەزایەتی ئاشتیانە بگرێت.

ئاوێنە: باڵیۆزانی وڵاتانی كەنەدا، كرواتیا، چیك، فینلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، ئیتالیا، هۆڵەندا، نەرویج، پۆڵەندا، رۆمانیا، ئیسپانیا، سوید، بەریتانیاو ئەمریكا، ئەمڕۆ دوشەممە، لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند، ئیدانەی بەكارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەرو كوشندە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراق و گروپە چەكدارەكانەوە دەكەن دژبە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە 24ی ئەم مانگەوە، لەنێویشیاندا خۆپیشاندەرانی بەغداو ناسریەو بەسرە.

باڵیۆزانی ئەو 16 وڵاتە لە بەیاننامەكەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە كە وێڕای بەڵێنەكانی حكومەت، بەڵام هێزە ئەمنییەكان و گروپە چەكدارەكان بەردەوامن لە بەكارهێنانی گوللـە دژبە خۆپیشاندەران كە ئەوەش بۆتە هۆی كوشتن و برینداربونی ژمارەیەكی زۆر لە كەسانی مەدەنی، لەكاتێكدا هەندێك لە خۆپیشاندەرانیش روبەڕوی تۆقاندن و رفاندن بونەتەوە.

باڵیۆزانی ئەو وڵاتانە داواشیان لە حكومەتی عێراق كردوە رێز لە ئازادی گردبونەوەو مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە بگرێت هەروەك ئەوەی لە دەستوری عێراقیدا هاتوە.

هەروەك داواشیان لە خۆپیشاندەران كردوە سروشتی ئاشتیانەی ناڕەزایەتییەكان بپارێزن.

هەروەها باڵیۆزانی ئەو 16 وڵاتە داواشیان لەحكومەت كردوە زامنی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەو لێپرسینەوەیەكی متمانەپێكراو بكات لەبارەی كوژرانی زیاتر لە 500 خۆپیشاندەرو برینداربونی هەزارانی دیكە لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوەوە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×