ترەمپ: سبەی كۆشكی سپی "رێككەوتنی سەدە" بڵاودەكاتەوە
  2020-01-27       942       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، سبەی كۆشكی سبەی پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە "رێككەوتنی سەدە" ناسراوە بڵاودەكاتەوەو دەشڵێت، پلانەكە دەرفەتی سەركەوتنی هەیە.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە كۆشكی سپی لەمیانی پێشوازیكردنیدا لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلدا رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی سبەی سێشەممە كۆشكی سپی پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەكاتەوە.

ترەمپ جەختی كردەوە كە دەرفەت هەیە بۆ سەركەوتنی پلانەكەو پێداگریشی كرد لەوەی كە پلانێكی لۆژیكییە بۆ هەمو لایەك و باشیشە بۆ فەلەستینییەكان و ئاماژەی بەوەشدا كە لەكۆتاییدا پلانەكە پشتیوانی فەلەستینییەكان بەدەست دەهێنێت.

لای خۆیشییەوە بنیامین نەتەنیاهۆ سوپاسی ترەمپ و ئەمریكا كرد لەبەرامبەر هەمو ئەو كارانەی لەپێناو ئیسرائیلدا ئەنجامیانداون و پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی بە "دەرفەتی سەدە" ناوبرد.

حكومەتی فەلەستین ئەمڕۆ داوای لە كۆمەڵگەی نێودەڵەتی كردبو بایكۆتی پلانەكەی ئەمریكا بكەن كە لەلایەن فەلەستینییەكانەوە رەتكراوەتەوەو ئیدارەی ترەمپ بە لایەندجاریی بۆ ئیسرائیل تۆمەتباردەكەن.

بەڵام ئیسرائیل پێشتر پلانەكەی بە "مێژویی" نابردبو، لەكاتێكدا فەلەستینییەكان رایگەیاندبو كە هیچ بانگهێشتێكیان بۆ ئامادەبون لە كۆبونەوەكانی واشنتۆندا پێنەگەیشتوە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران "رێككەوتنی سەدە"ی بە رێككەوتنێكی ساختە وەسفكرد.

زه‌ریف وتی: لە بری ئەو رێككەوتنە ساختەیە باشتر بو ئەو چارەسەرە دیموكراسییە قبوڵ بكرایە كە عەلی خامنەیی پێشكەشی كردبو كه‌ پێشنیاری كردبو موسڵمان و جولەكە و كریستیانەكانی فەڵەستین لە رێی راپرسییەكەوە چارەنوس و ئایندەی خۆیان دیاری بكەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×