2020-01-28   440     
سەرچاوەیەکی ئەمنی: ''هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتاوەتە سەر کەناڵی ئاسمانی دیجلە لە بەغدا و دایخستووە''.
ئاوێنه: سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان وتی: ''بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزێکی ئەمنی سەربە وەزارەتی ناوخۆ هەڵیکوتاوەتە سەر کەناڵی ئاسمانی دیجلە لە بەغدا''.
بەوتەی سەرچاوەکە، هێزە ئەمنییەکە لەمیانی هەڵکوتانەکەدا، کارمەندەکانیان لەناو کەناڵەکەدا کردووەتە دەرەوە و داوتر کەناڵەکەیان داخستووە.
هیچ روونکردنەوە و زانیارییەک لەوبارەوە لەلایەن کاربەدەستانی عێراقەوە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە حکوومەتی ئوردن بە بڕیارێک پەخشی کەناڵی ئاسمانی دیجلەی بۆ مانگێک لەو وڵاتە راگرت کە بارەگاکەی لە شاری عەممان-ە.
دەستەی راگەیاندنی ئوردن هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە کەناڵی ئاسمانی دیجلە سەرپێچی یاسای نوێکردنەوەی مۆڵەتی پرۆگرامەکانی تەلەڤیزیۆنی کردووە.