مەسرور بارزانی داوای‌ دابینكردنی‌ هه‌لیكار لەوەبەرهێنەران ده‌كات
  2020-01-28       664       
مەسرور بارزانی داوا لەوەبەرهێنەران ده‌كات لەپرۆسەی گەشەپێدانی ئابوریی‌و بەکارخستندا هەلیکار بۆ گەنجان دابین بكه‌ن.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سیشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لەوەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

مەسرور بارزانی‌ رایگه‌یاند، "له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌وڵماندا ئابوری هه‌رێمی كوردستان هه‌مه‌جۆر بكه‌ین‌و ته‌نها پشت به‌نه‌وت‌و گاز نه‌به‌ستین، به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌ جیاوازه‌كان وه‌به‌رهێنان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان سوودی لێوه‌ربگرن."

بارزانی وەبەرھێنەرانی دڵنیاکردەوە کە حکومەتی ھەرێم پاڵپشت‌و رێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان‌و نەھێشتنی ر‌وتین لەدامودەزگاکانی حکومەتدا.

جەختی لەوەشکردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان لەگشت کەرتەکان بهێنینە ئاراو ئاسانکاریی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆو دەرەکی بکەین. 

سەرۆکی حکومەت وتیشی، پێویستە وەبەرهێنان بەپێی پلانێکی زانستی‌و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان‌و بەرژەوەندی گشتی بێت.

بارزانی‌ ئه‌وه‌شی‌ وت، هەرێمی کوردستان لەروی ماددی‌و مرۆییەوە دەوڵەمەندەو دەرفەتی ئەوە هەیە ببێتە بنکەیەکی بازرگانی گرنگ لەعێراق‌و ناوچەکەدا. 

داواشی لەکەرتی تایبەت کرد کە هاوکاری حکومەت بکەن "لەپرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری‌و بەکارخستن‌و دۆزینەوەی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان لەکەرتی تایبەتدا کە پێویستە زیاتر گرنگی بەگەنجانی هەرێمی کوردستان بدرێت لەدەرفەتەکانی کارکردندا."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×