هۆشیار عەبدوڵا: من داوای ئەوە ناكەم گۆڕان لەحكومەت بێتەدەرەوە
  2020-01-29       1119       

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بەشداری گۆڕان لەكابینەی نۆی حكومەتی هەرێم سێ خاڵ دەخاتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەو لەیەكێك لەخاڵەكاندا دەڵێت: من داوای ئەوە ناکەم گۆڕان لەحكومەت بێتەدەرەوە بەڵام بەشداری مانای بێدەنگی نبیە.

ئاوێنە: هۆشیار عەبدوڵا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەنوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك سێ خاڵی سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بەشداری گۆڕان لەكابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا خستۆتە بەردەم كۆبونەوەی داهاتوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوە.

هۆشیار عەبدوڵا لەخاڵی یەكەمدا دەڵێت"هەرکات رەخنە لە حکومەتی هەرێم بگرین، کۆمەڵێک هاورێمان لە گۆڕان کە دێنە جواب دەڵێن؛ چیی بکەین؟ بێینەدەرەوە لەحکومەت! من داوای ئەوە ناکەم بەڵام بەشداری مانای بێدەنگی نبیە، بەشدارییەک ئەگەر رەخنەگرانە نەبێ با ستایشکارانە نەبێ، هێزێک دوێنێ بە هیچ رازی نەبوبێ ناکرێ ئەمڕۆ بە هەمو شت ڕازی بێ!"

ئەو پەرلەمنتارەی گۆڕان لەخاڵی دوەمدا ئەوە دەخاتەڕو كە "‫کەس نەیوتوە با گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە، زۆریشن ئەوانەی دژی بەشداریکردنی گۆڕان نین لەحکومەت دژی جۆری بەشدارییەکەن. لەپەرلەمان گۆڕان فراکسێۆنەکەی رەخنەگرە، بەڵام بەشێکی تیمەکەی لەحکومەت ستایشکەرە. گۆڕان هێزێکە بە هەڵوێست و رەخنە دەژی نەک بێدەنگی و ستایش، بێدەنگی بۆ گۆڕان، خۆکوژیە!‬"

لەخاڵی سێیەمیشدا دەڵێت"‫تەنها وەڵامی ئەو پرسیارە بەسە بۆ ئەوەی بەشداری گۆڕان و یەکێتیش لەم حکومەتە لەسەنگی مەحەک بدات، بکەری سەرەکی و یەکلاکەرەوە لە هەمو مەلەفەکان جگە لە پارتی لەم حکومەتەدا کێیە؟! مەسرور بارزانی لە دروستکردنی حکومەتێک لەناو حکومەتەکەیدا پرسی بە کەستانکردوە؟ ئێوە بەشێکن یا ناوێکن و بەس؟!‬"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×