نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری سەرۆكی روسیا جەخت لە گرنگی نەبونی عێراق بە گۆڕەپانی ململانێ دەكەنەوە
  2020-01-29       411       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەری سەرۆكی روسیا لەكۆبونەوەیەكی نێوانیاندا چەند پرسێكیان تاوتوێ كردو جەختیان لە گرنگی هەوڵەكان بۆ ئارامكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان لەناوچەكەو نەبونی عێراق بە گۆڕەپانی كێشەو ململانێ كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 29/1/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاو جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا كرد.

باڵیۆزى روسیا لە بەغدا و کونسولى گشتیى لەهەولێر و شاندێکى دیپلۆماتكارو بەرپرسانی كۆمپانیای گاز پرۆمی روسی، یاوەری نوێنەری روسیا بون بۆ كۆبونەوەكە و هەروەها جێگرانی سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك لەبەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئامادەی كۆبونەوەكە بون.

لەكۆبونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزبایى لە دەستبەکاربونى سەرۆک وەزیرانى تازەى ڕوسیا، خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودانى پەیوەندییەکانى لە هەمو بوارەکاندا لەگەڵ ڕوسیا دوپات کردەوە و دەستخۆشى لە کار و چالاکییەکانى کۆمپانیاى گازپرۆم نه‌فتى ڕوسى لە کەرتى وزەدا لە هەرێمى کوردستان کرد.

بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لای خۆیشییەوە بۆگدانۆف سڵاو و ڕێزى سەرۆک ڤلادیمیر پوتین و سەرۆک وەزیرانى ڕوسیاى گەیاندە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ستایشى ڕۆڵى بەڕێزیان و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستانى کرد.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هەردولا دۆخى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتوى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە دۆخى سوریا و هەبونى هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسى کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەى سوریا و ڕۆڵى ڕوسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى ڕوبەڕوبونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى مایەى بایەخى هەردولا، بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکە بو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×