2020-01-29   633     
باڵیۆزخانەی ئیمارات لە ئەمریکا رایگەیاند، ''پاڵپشتی لە پلانی ‘گرێبەستی سەدە’ دەکەین کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ەوە راگەیەندراوە''.
ئاوێنه: لەراگەیەندراوێکدا باڵیۆزخانەی ئیمارات لە ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە کە پاڵپشتی لە پلانی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە ''گرێبەستی سەدە''دا دەکات کە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ەوە راگەیەندراوە، بەپێی راگەیەندراوەکە، پلانی ئاشتی کە دوینێ سێشەممە راگەیەندراوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی ئەویش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات.
لای خۆیەوە یوسف عوتەیبە، باڵیۆزی ئیمارات لە واشنتۆن ئەوەی وتووە، ''ستایشی ئەو هەوڵانەی ئەمریکا دەکەین کە بەردەوام بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل خستوویەتەگەڕ''.
هاوکات یوسف عوتەیبە جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پلانەکە، دەستپێشخەرییەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لەو کێشانەی لە ساڵانی رابردوودا سەریان هەڵداوە”.
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو سازیکرد، بەشێوەیەکی تاکلایەنە، پلانی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە “گرێبەستی سەدە” ناوزەند دەکرێت بۆ رای گشتیی ئاشکراکرد.
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستەسەر ئەوەی کە پلانەکەی لە ٨٠ لاپەڕە پێکھاتووە و جەختی لەوەکردەوە کە ماددەی زۆر بە نرخ لەخۆدەگرێت بۆ ئیسرائیل و لایەنی فەڵەستینیش.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای گوتەکانیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە لە پلانی ئاشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، شاری قودس وەک پایتەختی “بەشنەکراو”ی ئیسرائیل قبوڵ دەکرێت و جەختی لەوەیشکرد کە پلانەکە دوایین دەرفەتە بۆ فەڵەستینییەکان.