2020-01-29   789     
خاوەنی (ماڵی وەفایی) رای گەیاند، پاش ئەوەی فەرهاد پیرباڵی بەخشیوە لەسەر ئەو سکاڵایەی پێشتر لە دژی تۆمار کردبوو بەهۆی سووتاندنی کتێبخانەکەی، دادگای هەولێر بە یەکجارەکی کەیسەکەی داخستووە.
ئاوێنه: سۆران عەزیز، خاوەنی کتێبخانەی (ماڵی وەفایی) کە ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن فەرهاد پیرباڵەوە سووتێندرا رايگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی ١ی ٢٠٢٠، فەرهاد پیرباڵ لە کاتی دادگاییکردنەکەدا وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە لە قەفەز دانراوە، بەڵام ئەو داوای لە دادوەر کردووە، لە قەفەزەکە دەریبهێنێت، بۆیە گوێی لێگیراوە و لەمبارەیەشەوە سوپاسی دادگای کردووە.
بە وتەی خاوەنی ماڵی وەفایی، بەپێی یاسا ئەگەر هەبووە فەرهاد پیرباڵ زیندانی بکرێت، بەڵام ئەو ڕازی نەبووە و بەبێ هیچ قەرەبووێکی دارایی، کۆتایی بە کەیسەکە هێناوە و بەخشیویەتی.
سۆران عەزیز جەختی کردووەتەوە کە هەندێک کەس پێشتر بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەو لە لایەن کەسانێکەوە لە دژی فەرهاد پیرباڵ هاندەدرێت تاوەکوو ئەمڕۆ دادگای هەولێر بڕیارێکی توند لە دژی فەرهاد پیرباڵ دەربکات، بەڵام ئەمڕۆ بەم لێخۆشبوونە ئەم دەنگۆیانەی ئاوەژوو کردووەتەوە.
لێخۆشبوون یەکێکە لە ڕێگە ناڕاستەوخۆکانی کۆتاییهاتنی داوای سزایی و بەم هۆیەشەوە جارێکی دیکە ناتواندرێت لە دادگا سکاڵا بە هەمان تۆمەت لەمبارەیەوە بجووڵێندرێت.