2020-01-30   2179     
دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگایەکی عێراق بڵاو دەبێتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی روونکردنەوە دەدات.
ئاوێنە: بەشێک لە سەرچاوە میدیاییە عێراقییەکان و هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن، کە کەسێک لە شاری نەجەف تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و بەهۆیەوە لە نەخۆشخانە خراوەتە ژێر چاودێریی توندەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-1-2020، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی نەجەف لە بەیاننامەیەکدا، رەتی کردووەتەوە هیچ کەسێک لە پارێزگاکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێ و رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە.
لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهان سەری هەڵداوە و چەندین شاری چینی گرتووەتەوە. تا ئێستا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە، نزیکەی حەوت هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و بەپێی دوایین زانیاری، 106 کەس لە چین گیانیان لەدەست داوە.
ڤایرۆسەکە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە و تا ئێستا لە ١٩ وڵات دۆزراوەتەوە.