سیستانی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات
  2020-01-31       563       

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەكان لەعێراق ئیدانەی بەكارهێنانی هێز دژبە خۆپیشاندەران دەكات و داواش دەكات پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

ئاوێنە: عەلی سیستانی، لەبەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ لەنوێژی هەینیدا لەلایەن نوێنەرەكەیەوە خوێندرایەوە، ئیدانەی بەكارهێنانی توندوتیژی دژبە خۆپیشاندەران كردو جەختیشی كردەوە كە هەوڵی سەركەوتكردنی گردبونەوەو ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەكان رەتدەكەنەوە.

سیستانی هاوكات هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان و دەزگا حكومییەكانی رەتكردۆتەوە.

سیستانی ئاماژەی بەوەشداوە كە بەردەوامبونی ئەم قەیرانەی ئێستاو نەبونی سەقامگیری سیاسی، ئابوری و ئەومنی لەبەرژەوەندی وڵاتدا نییەو پێویستە رێگەخۆشبكرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەوەش بە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ كە حكومەتێكی متمانەپێكراوی گەل بێت بتوانێت رەوشەكە هێوربكاتەوەو شكۆ بۆ دەوڵەت بگێڕێتەوەو هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە نزیكترین دەرفەتدا.

جەختیشی كردۆتەوە كە گەڕانەوە بۆ سندوقەكانی دەنگدان گونجاوترین بژاردەیە لەم دۆخەی ئێستادا، بۆیە داوای كردوە پەلەبكرێت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و وتوشیەتی، ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتو بەرپرسیارە لەهەڵگرتنی هەنگاوی پێویست بۆ چاكسازی و دەركردنی ئەو بڕیارە چارەنوسسازانەی كە ئایندەی وڵات دیاری دەكەن بەتایبەت لەپەیوەست بە پاراستنی سەروەری عێراق سەربەخۆی بڕیاریە سیاسییەكانی و پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەیەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×