محەمەد توفیق عەلاوی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق راسپێردرا
  2020-02-01       1144       

محەمەد تۆفیق عەلاوی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئاشكرایكرد كە لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق راسپێردراوە.

ئاوێنە: محەمەد تۆفیق عەلاوی، لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، كەمێك لەمەوبەر لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

عەلاوی لەپەیامەكەیدا بۆ خۆپیشاندەران وتی"ئەگەر ئازایەتی ئێوە نەبوایە گۆڕانكاری لە وڵات روی نەدەدا، بەرگەی زۆرتان گرت و زۆر ئارامتان گرت، باوەڕم پێتانەو داواتان لێدەكەم بەردەوام بن لە خۆپیشاندان. ئەگەر ئێوەم لەگەڵ نەبن بەتەنیا دەبم و ناتوانم هیچ بكەم. شانازی دەكەم بەوەی كردوتانە لەپێناو گۆڕانكاری، من ئێستا فەرمانبەری ئێوەم و هەڵگری پەیامێكی گەورەم."

هەروەها وتیشی"دەبێت بتانپارێزین لەبری ئەوەی سەركەوتتان بكەین، دەبێت چەكی دەوڵەت روی بكرێتە ئەوانەی كە چەكەكانیان روكردە ئێوە، بمێننەوە بۆ لێپێچینەوە لەبكوژان و قەرەبوی خانەوادەی شەهیدان دەكەینەوەو چارەسەری بریندارەكان دەكەین و شكۆ بۆ دەوڵەت و هێزە ئەمنییەكان دەگێڕینەوەو ئابوری چاك دەكەین و شەڕی گەندەڵی دەكەین و حكومەت پێكدەهێنین."

جەختیشی كردەوە كە ئەگەر بۆ حكومەتەكەی لایەنە سیاسییەكان كاندیدەكانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن دێتەدەرەوەو قسە بۆ خۆپیشاندەران دەكات و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران رەتدەكاتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×