سەدر پێشوازی لە راسپاردنی محەمەد عەلاوی دەكات
  2020-02-01       512       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پێشوازی لە راسپاردنی محەمەد عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەكات و دەڵێت، گەل سەرۆك وەزیرانێكی دیاریكرد نەك لایەنە سیاسییەكان.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر لە توێتێكدا رایگەیاند، مێژو ئەوە تۆماردەكات كە گەل سەرۆك وەزیرانێكی دیاریكرد نەك لایەنە سیاسییەكان.

رێبەری رەوتی سەدر داواشی لە خۆپیشاندەران كردوە بەردەوام بن لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە لەپێناو تەواوكردنی كابینەیەكی وەزاریی سەربەخۆ كە لەپێناو گەلدا كاربكات.

محەمەد تۆفیق عەلاوی، ئێوارەی ئەمڕۆ لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، لەلایەن سەرۆك كۆمارە راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئەوەش دوای نزیكەی لە دو مانگ لە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لەژێر گوشاری ناڕەزایەتیەكاندا.

سەدر داواشی كردوە پەلەبكرێت لە رێكخستنی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەوڵدان بۆ پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق و بەڵێنیشی داوە دەستوەرنەداتە پێكهێنانی حكومەت.

بەڵام بەپێی قسەی چەند چالاكوانێكی عێراق، لایەنگرانی سەدر بەزەبری هێز كۆنترۆڵی بینای چێشتخانەی توركیان لە نزیك گۆڕەپانی تەحریری بەغدا كراوە ئەوەش هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت.

بەپێی كەناڵی "ئەلحوڕە" ژمارەیەك لە پەیجەكانی فەیسبوك و تویتەر چەند ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا هەندێك كە "كڵاوی شین"یان لەسەردایەو سەر بە سەدرن چواردەوری بینای چێشتخانەی توركیان داوەو لەو مینبەرەوە كە بەیاننامەكانی گۆڕەپانی تەحریری تێدا دەخوێنرایەوە، دروشمی پشتیوانی بۆ سەدر دەڵێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×