ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە بەغداو چەند شارێكی دیكەی عێراق بۆ رەتكردنەوەی راسپاردنی عەلاوی بەڕێوەچو
  2020-02-02       605       

دوای رۆژێك لە راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، دەیان هەزار هاوڵاتی عێراق خۆپیشادانیان لە بەغداو چەند پارێزگایەكی خواروی عێراق رێكخست كە تێیدا ناوبراویان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتو رەتكردەوە بەو پاساوەی ئەو تایبەتمەندیانەی تێدان نین كە ئەوان داوایان كردون.

ئاوێنە: ئێوارەی دوێنێ شەممە، محەمەد تۆفیق عەلاوی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی ئەو وڵاتە، ئەوەش دوای دو مانگ لە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لەژێر گوشاری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكاندا.

ئەمڕۆ یەكشەممە، خۆپیشاندانەكان كە گەنجانی توڕە زۆرینەیان پێكدەهێنان بۆ رەتكردنەوەی راسپاردنی عەلاوی لە بەغداو چەند شارێكی باشوری عێراق بەڕێوەچون و تێیدا جەختیان كردەوە دەبێت كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران كاندید بكرێت كە لەڕوی سیاسییەوە سەربەخۆ بێت و پێشتر لە حكومەتدا پۆستی نەبوبێت، پێشیانوایە ئەمە بەسەر محەمەد تۆفیق عەلاویدا جێبەجێ نابێت.

بەپێی كەناڵی "ئەلحوڕە" هەردو شاری حیللەو دیوانییە، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی بەرفراوانیان بەخۆیانەوە دیوە، خۆپیشاندەران چەند دروشمێكیان بەرزكردۆتەوە لەوانە "عەلاوی كاندیدی میلیشیا ئێرانییەكانە نەك گەل."و خۆپیشاندەران چەند رێگەیەكیان لەو شارە داخستوەو جەختیان كردۆتەوە كە ئاستی ناڕەزایەتییەكان فراوانتر دەكەن.

لە شاری نەجەف-یش، ئەمڕۆ خۆپیشاندەران چەند لافیتەیەكیان بەرزكردۆتەوە، لەوانە "محەمەد عەلاوی بە فەرمانی گەل رەتكرایەوە."و هەروەها خۆپیشاندەران لەو شارە چەند رێگەیەكی سەرەكیان داخستوە.

لە شاری دیوانیە خۆپیشاندەران رویان لە بارەگا حكومییەكان كردوەو داوای داخستنیان و راگرتنی كاركردنیان لە فەرمانگە حكومییەكان كردوەو خوێندكارانی ئامادەیی و زانكۆكانیش دەستیان بە مانگرتن كردوە.

لە حیللە خۆپیشاندەران چەند رێگەیەكی سەرەكیان بە سوتاندنی تایە داخستوەو دروشمی "عەلاوی بژاردەی گەل نیە"یان وتۆتەوە.

هەر ئەمڕۆ سەدان خوێندكار هاتونەتە ئەو شەقامانەی دەچنەوە سەر گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداو وێنەی محەمەد عەلاوی-یان بەرزكردۆتەوە كە نیشانەی سوری رەتكردنەوەیان لەسەر روخساری داناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×