2020-02-05   618     
سوپای عێراق بڵاویکردەوە کە بەهۆی ئاراستەکردنی هەڵماتی ئاسنینەوە بە ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ناوەڕاستی بەغداد، یەک سەرباز و چوار خۆپیشاندەر برینداربوون.
ئاوێنه: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ژمارەیەک کەسی نەناسراو، هەڵماتی ئاسنینیان لە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی وەسبە گرتووە کە بەهۆیەوە، چوار خۆپیشاندەر برینداربوون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هەر بەو هۆیەوە، سەربازێکی فەوجی دووی سەربە هێزەکانی پاراستنی یاسا برینداربوو.
لە راگەیەندرواێکدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هێزە ئەمنییەکان پابەندن بە رێنماییەکانەوە و لەئێستادا هیچ رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا روونادات.
دوێنێ سێشەممە سەرچاوەیەکی پزیشکی رایگەیاندبوو کە ژمارەیەک کەسی دەمامکدار بە چەقۆ هێرشیانکردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی ناوەڕاستی بەغداد و بەهۆیەوە حەوت خۆپیشاندەر برینداربوون.
لە یەکی تشرینی ساڵی رابردووەوە خۆپیشاندان دژبە حکوومەت و پارتە دەسەڵاتدارەکان لە عێراق ئەنجام دەرێت و بەپێی داویین ئامار کە دوێنێ سێشەممە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوکردبوویەوە لەمیانی خۆپیشاندانەکاندا، تا ئێستا ٥٥٦ کەس کوژراون.