موقتەدا سەدر رەوتی "كڵاو شینەكان"ی هەڵوەشاندەوە
  2020-02-11       745       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵوەشاندنەوەی رەوتی "كڵاو شینەكان"ی راگەیاندو هەڕەشەی بێبەریبونی خۆیشی لە حكومەتی داهاتوی عێراق دەكات و دەشڵێت، خۆپیشاندانەكان وردە وردە خەریكە دەگەڕێنەوە سەر رێڕەوەكەی خۆیان.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لەتویتێكدا رایگەیاند، دەبیستن كە گوشاری حزبی و تائیفی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی، ئەوەش بە مانای ئەوەیە ئێمە زۆر قەناعەتمان بۆ حكومەت نابێت و رەنگە ئەوە بشبێتە هۆی  راگەیاندنی بێبەریبونی خۆمان لێی و دوای ئەوەی ناچاربوین بێدەنگی هەڵبژێرین.

جەختیشی كردۆتەوە"ئێمە هێشتا لەوانەین كە داوای چاكسازی دەكەن."

سەدر باسی لەوەش كردوە كە بەپێی ئەو زانیارییانەی پێیانگەشتون لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە، خۆپیشاندانەكان خەریكە وردە وردە دەگەڕێنەوە سەر رێڕەوی سەرەتایان وێڕای ئەوەی هێشتا پێشێلكاریی لەلایەن هەندێك تێكدەرو بانگەوازكەری توندوتیژییەوە هەیەو وتوشیەتی"هیوا بە شۆڕشگێڕان هەیە كاربكەن بۆ دورخستنەوەی ئەو تێكدەرانە بەشێوەیەكی پێ بەپێ و ئاشتیانە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەگەڵ ئەوەش هەڵوەشاندنەوەی كڵاو شینەكان رادەگەیەنم و رازی نیم رەوتێك بەو ناونیشانەوە لەنێو خۆپیشاندەراندا بونی هەبێت."

رێبەری رەوتی سەدر، هێمای بۆ ئەوەش كردوە ئەگەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز نیگەرانییەكان بڕەوێننەوەو بێبەریبونی خۆیان لە تێكدەران و ئاژاوەگێڕان رابگەیەنن، ئەوا منیش پشتیوانی لەوە دەكەم و داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكەم لەلایەكەوە ئاسایش بچەسپێنن و تێكدەران دوربخەنەوەو هەروەها داواشیان لێدەكەم خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بپارێزن لەهەر لایەنێك كە دەستدرێژییان بكاتە سەر.

سەبارەت بە روداوەكانی چەند رۆژی رابردوی گۆڕەپانی سەدرەین لە نەجەف كە تێیدا ژمارەیەك خۆپیشاندەر كوژران، سەدر وتویەتی"هێشتا چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی گۆڕەپانی سەدرەین لە نەجەف دەكەم، بۆ ئەوەی بە ئەركی یاسایی و نیشتمانی بەرامبەری هەڵبستم."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×