لە عێراق بەهۆیی خۆپیشاندانەکانەوە ژمارەیەک کەس برینداربوون
  2020-02-13       1078       
لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگای زیقار باشووری عێراق، ١٧ خۆپیشاندەر برینداربوون.

ئاوێنە: سەرچاوەیەکی پزیشکی لە فەرمانگەی تەندروستی زیقار رایگەیاند، ١٠ خۆپیشاندەر بە گوللـەی راستەقینە و گازی فرمێسکڕێژ لە شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار برینداربوون.

شاهێدحاڵەکان بە میدیاکانیان راگەیاند، لەو کاتەی خۆپیشاندەران رێگەی پردی زەیتون و رێگە سەرەکییەکانیان داخست، هێزە ئەمنییەکان بە گوللـەی راستەقینە و گازی فرمێشکڕێژ رووبەڕوویان بوونەوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی پزیشکی کە لە تیمە گەڕۆکەکان لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغداد کار دەکات، رایگەیاند، لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕەپانی خەللانی نزیک لە گۆڕەپانی تەحریر، حەوت خۆپیشاندەر بە گوللـەی پلاستیکی و ساچمەی هەوایی برینداربوون.

چالاکوانی خۆپیشاندانەکان، حەمدون سامری رایگەیاند، خۆپیشاندەران بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ داخستنی رێگە و پردەکان کە لە بەیانی ئەمڕۆوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکان کراونەتەوە کە ئەوانیش بریتین لە پردی سەنک و شەقامی رشید و هەردوو گۆڕەپانی وەسبە و خەللانی.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و بەگوتەی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانه‌وه‌ لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، زیاتر لە ٦٠٠ کەس کوژراون.

لای خۆیەوە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاندبوو، لە میانی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، لانیکەم ٤٦٧ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە نۆ هەزاری دیکە برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×