شانەی راگەیاندنی ئەمنی: موشەكێك لە بنكەی "كەی وەن" كەوتۆتە خوارەوەو دەست بەسەر 11 موشەكیشدا گیراوە
  2020-02-13       985       

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكەی ئەمشەو بۆ سەر بنكەی سەربازی "كەی وەن" لە پارێزگای كەركوك رایگەیاند، موشەكێك لەنێو بنكە سەربازییەكە كەوتۆتە خوارەوەو دەست بەسەر 11 موشەكی دیكەدا گیراوە.

ئاوێنە: شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لەبەیاننامەیەكی كورتدا لەهەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، موشەكێك لەنێو بنكەی سەربازیی كەی وەن لە پارێزگای كەركوك كەوتۆتە خوارەوەو زیانی لێ نەكەوتۆتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە پڕۆسەی گەڕان بەدوای بكەرانی هێرشەكەدا كردوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە دەست بەسەر سەكۆیەكی هەڵدانی موشەكدا گیراوە كە 11 موشەكی لەسەر بوە كە هێشتا نەتەقێنراون.

بنكەی سەربازیی "كەی وەن" لە پارێزگای كەركوك هێزی ئەمریكی لەخۆدەگرێت و پێشتریش كراوەتە ئامانجی هێرشی موشەكی كە ئەمریكا، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانی بە هێرشەكە تۆمەتبار كردبو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×