274 نامەو دەستنوسی قازی محەمەد لەدو توێی كتێبێكدا چاپكران
  2020-02-14       3459       

274 دەستنوس و نامەی قازی محەمەد لە دو توێی كتێبێكی سێ بەرگیدا بە ناونیشانی "لە ئەرشیفی پێشەوا قازی دا" چاپ كران.

ئاوێنە: ئەو دەستنوس و نامانەی قازی محەمەد لەلایەن هەردو زانای ئایینی مەلا عەلی ئیبن عەبای و مەلا ئیبراهیم بن عەباسی نوسراونەتەوەو كۆكراونەتەوە لەلایەن لوقمان رەهرو لە مانگی ئۆكتۆبەری 1997 مەسحەف كراون.

پاشان لەلایەن د.عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندەیی، د.موسا مەمەدە رەش، رەسوڵ سوڵتانی و حەسەنی دانیشفەڕ-ەوە خوێندنەوەو نوسینەوەیان بۆ كراوە.

عەبدولڕەزاق ناوەندەیی، دوێنێ پێنجشەممە لە هەژماری خۆی رایگەیاندوە"سوپاس بۆ خوا كتێبێكی ترمان له‌ ژێر ناونیشانی (له‌ ئه‌رشیفی پێشه‌وا قازی دا) چاپ كرا كه بریتین له‌ ده‌ستنوسه‌ ره‌سه‌نه‌كانی پێشه‌وا قازی محەمەد."

وتوشیەتی"ئەو كۆمەڵە دەستنوسەی كە بەشێكی زۆریان بە دەستوخەتی پێشەوا قازی محەمەد نوسرابونەوە، لە زۆر لایەنەوە شیاوی سەرنجن."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە"به‌پێی توانا جارێكی تر خوێندرانه‌وەو دوباره‌ نوسرانه‌وه‌‌و بریتین له‌ 274 نامەو دەستنوس."

وتوشیەتی"ئەم دەستنوسانە گەلێك لایەنی ژیانی ئەو كاتی رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی موكریانمان بۆ رون دەكەنەوە. بەتایبەتی جوان دەردەكەوێ كە لەو بەشەی كوردستان دەسەڵاتی سیاسیی ناوەند واتە تاران زۆر دەورێكی بەرچاوی نەبوە، بەڵكو ئەوە ئاغا و دەرەبەگەكانن كە بۆ وێنە ئەگەر یەكێك یاخی بوبێت، سزایان داوە یان كەسێكیان لە گوندێك دەركردوە، بەتایبەتی مەسەلەی مارەبڕین و تەڵاق و شیربایی و خوێنبایی ئەو كاروبارانە هیچی نەچونەتەوە دادگایەكی دامەزراو و لەژێر سێبەری یاسا و دامەزراوەیەكی رێكخراودا نەبونە، بەڵكو هەمو ئەو بڕیارانە بە دەست كەسانێكی دەستڕۆیشتوی وەك بنەماڵەی قازی بە تایبەتی "قازی عەلی" و كەسانی دیكەوە بونە."

هەروەها باسی لەوەشكردوە كە "لە بەڵگەنامە دەستنوسەكاندا چەند روداوێكی مێژوییش تۆمار كراون وەك هێرشی روسەكان بۆ سەر مەهاباد و دەستكردنەوەی كوردەكان و لاوازیی لەشكری كورد لە روی لۆجستیك و چەك و تەقەمەنییەوە و ئەو زیانە زۆرانەی كە لەو سۆنگەیەوە لێیان كەوتوە."

وتوشیەتی"ئەم دەستنوسانە لەو لایەنەشەوە گرنگن كە دەكرێ وەك بەڵگەیەكی مێژویی بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوە لەو سەردەمە پشتیان پێ ببەسترێت."

 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×