"عەلاوی هێشتا ناوی هیچ وەزیرێكی حكومەتە چاوەڕوانكراوەكەی یەكلانەكردۆتەوە"
  2020-02-14       492       

هەندێك لە پەرلەمانتارانی عێراق گومانیان هەیە محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو سەركەوتو بێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا هەرچەندە ناوبراو هێشتا خەریكی گفتوگۆیە لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی كابینە حكومییەكەی لەماوەی ئەو وادە دەستورییەی كە هەیە بۆ پێشكەشكردنی بە پەرلەمان.

ئاوێنە: محەمەد كەریم، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، مشتومڕێك هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتەكەی عەلاوی.
ئەو پەرلەمانتارەی فەتح رونیكردۆتەوە كە تا ئێستا سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، هیچ وەزیرێكی كابینە چاوەڕوانكراوەكەی خۆی یەكلانەكردۆتەوە.

وتوشیەتی"هۆكاری یەكلانەكردنەوەی دیاریكردنی وەزیرەكانی، ئەوەیە كە هێشتا سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دیداری لەگەڵ سەرۆكی لایەنەكان و كەسایەتییە سیاسییەكان هەیە بۆ رێككەوتن لەسەر كابینە وەزارییەكەی."

لەلای خۆیشییەوە، محەمەد كەربولی، پەرلەمانتاری عێراق نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەئەگەری ئەوەی عەلاوی "دەموچاوی نوێ" دیاری بكات بۆ كابینەكەی و وتویەشیەتی"ئەوەی زۆر جێی نیگەرانییە ئەوەیە كە راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتو، پەنابباتە بەر دیاریكردنی چەند ناوێكی دور لە واقیعە سیاسییەكە ئەوەش تەنها بۆ پڕكردنەوەی كابینە وەزارییەكەی بە روخساری نوێ بەچاوپۆشین لە ئەزمون و شارەزاییان."

سەرەتای ئەم مانگە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، بەڕەسمی محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عێراق، ئەوەش دوای نزیكەی دو مانگ لە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لەژێر گوشاری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكاندا.

بەگوێرەی دەستوری عێراق عەلاوی لە رۆژی راسپاردنییەوە تەنها 30 رۆژی لەبەردەمدایە تا ناوی ئەندامانی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ بەدەستهێنانی متمانە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×