وەزیری وزەی ئەمریکا: هەرچەند هه‌رێم چواردەوری وشکانییە، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی نەوتی زۆرە
  2020-02-14       1603       
كۆبونه‌وه‌ی‌ دان برولیەت‌و مەسرور بارزانی
وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌  هەرچەند هه‌رێمی‌ کوردستان چواردەوری وشکانییە، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی نەوتی زۆرە. وتیشی‌، ئەمڕۆ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لیبیا زیاتر نەوت هەناردە دەکات.

ئاوێنه‌: له‌په‌راوێزی‌ بەشداریکردنی لەکۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كه‌ ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ لەشاری میونشنی ئەڵمانیا ده‌ستیبه‌كاره‌كانیكرد، دان برولیەت، وەزیری وزەی ئەمریکا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. 

پێش كۆبونه‌وه‌كه‌  دان برولیەت به‌رۆژنامه‌نوسانی‌ ڕاگه‌یاند، هەرچەند کوردستان چواردەوری وشکانییە، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی نەوتی زۆرەو بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد. 
 
راشیگه‌یاند، "وەکو ئێوە دەزانن کوردەکان چواردەوریان وشکانییە، بەڵام ئەمڕۆ لەلیبیا زیاتر نەوت هەناردە دەکەن". 

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردساتان وتی، "پێشتر پەیوەندی راستەوخۆم لەگەڵ وەزیردا هەبووەو بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی کۆبونەوەکەمان دەکەم، هیوادارم هاوئاهەنگییەکانمان لەبواری وزە لەگەڵ ئەمریکا زیاد بکەین". 
 
به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان‌و ئەمەریکا بەتایبەتی لەبواری وزەدا کراوه‌. هەروەها جەخت لەبەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی‌و رۆڵی وەبەرهێنانی ئەمریکی لەهەرێمی کوردستان کراوه‌تەوە. 
 
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×